٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یوئێن چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدای بە ڕێگەی دیالۆگ دووپات دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستاندا، هاریكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی، دەستخۆشیی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگە كرد بۆ پاراستنی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و، پێشوازیكردن و دابینكردنی حەوانەوە و خزمەتگوزاری بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر. هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیشی بۆ لەناوبردنی تیرۆر بەرز نرخاند.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 29-11-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (میرۆسلاڤ جینكا) هاریكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و (یان كۆبیش) نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا (میرۆسلاڤ جنیكا) خۆشحاڵیی خۆی بە یەكەم سەردانی خۆی و ئاسایش و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و، دەستخۆشیی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد بۆ پاراستنی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە هەڕەشەكانی تیرۆر و، پێشوازیكردن و دابینكردنی حەوانەوە و خزمەتگوزاری بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر. هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیشی بۆ لەناوبردنی تیرۆر بەرز نرخاند.
هاریكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی جەختی لەوەش كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵەكانی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات تا بتوانن یارمەتیی پێویست بگەیەننە ئاوارەكان. هیوایشی خواست دوای نەمانی داعش و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، پرۆگرامێك بۆ ئاشتەوایی پێكهاتە جیاوازەكان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكانیان دابڕێژرێت. ئامادەییی خۆیشیانی بۆ دروستكردنی هەر دیالۆگ و گفتوگۆیەك لەنێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا، دەربڕی.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینییەكانی (میرۆسلاڤ جنیكا)ی كرد و، دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم پەناگەی ئاوارە و لێقەوماوان بووە، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووتەوە، تواناكانی حكوومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان سنووردار بووە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكان یان ڕاستەوخۆ، هەوڵی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بدات.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی دا كە لە چەند مانگی ڕابردوودا هەماهەنگییەكی باشی سەربازی لە نێوان هەردوولادا هەبووە و بە هۆیەوە سەركەوتنی باش و گەورە بەسەر تیرۆردا تۆمار كراوە، بەڵام لە بوارەكانی دیكەدا هەماهەنگی و هاوكارییەكان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە، لەمبارەیەشەوە ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەكردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە دەربڕی.

سه‌رۆكوه‌زیران پوختەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و دواسەردانی بۆ توركیا و گرنگیی پرۆسەیەكی فراوانی سیاسی بۆ پاشه‌ڕۆژی ناوچەكە و پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ شاندی میوان باس كرد.
 

هەواڵی پەیوەندیدار