"بەم نزیکانە لای چەپی ئازاد دەکرێت و پێشڕەوی بەرەو لای ڕاستی مووسڵ دەکرێت"

مووسڵ-KDP.info- فەرماندەی ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی دەڵێت، زۆرینەی لای چەپی شاری موسڵ رزگارکراوە و بەم نزیکانە تەواوی ئەوناوچانه رزگار دەکەین و دواتر پێشڕەوی بەرەو لای ڕاستی مووسڵ دەکرێت.
(سەباح نوعمان) بەماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھێزەکانمان لەپێشڕەویدان بۆ ئازاداکردنی تەواوی ناوچەی لای چەپی شاری مووسڵ و لەئێستادا تەواوی شوقەکانی ناوچەی کەسکێ لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدان و ھەر خۆشمان پارێزگاری لێ دەکەین، هێزەکانیشمان دەستیانکردووە بەپێشڕەویکردن بۆ ئەوەی تەواوی لای چەپی مووسڵ رزگاربکرێت.
(نوعمان) گوتیشی: "زۆرینەی لای چەپی شاری مووسڵ رزگارکراوە، بەم نزیکانەش تەواوی ناوچەکە لەژێر دەستی داعش رزگار دەکەین و پێشڕەوی بەرەولای راستی شاری مووسڵ دەستپێدەکات.
ئەو فەرماندەیە دهشڵێت، داعش ھەموو رێگایەک بەکاردەھێنێت بۆ ئەوەی رێگری له پێشڕەویهكانمان بکەن، وەکو بەکارھێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو و کەسانی خۆکوژ و دانانی بۆمب، بەڵام کاریگەری نەبووە لەسەر پێشرەویەکانمان، ژمارەیەکی ئێکجار زۆریشیان کوژراون، کە لەئێستادا ناتوانین بڵێین ژمارەکە چەنده، چونکە لەھەموو شوێنێک کوژراویان ھەیە..
بڵند ئیبراھیم




