٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گرفتەكانی كارەبا چارە كراون.. "دەبێ ھاووڵاتییش ھاوكار بێ"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "دوو كێشەی كارەبامان بۆ دروست ببوو و لە ئێستادا ھەردووكیان چارە كراون، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین كارەبای زیاتر دابین بكەین، پێویستە ھاووڵاتیان ھاوكار بن.

(محەممەد ئەمین ھەورامی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوو گرفتی كارەبامان بۆ دروست ببوو، یەكەمیان لە داناغاز كێشەیەك ھەبوو و غازەكەیان كەم كردەوە، بۆیە نزیكەی ھەزار و ١٠٠ مێگاوات كارەبا كەمی كرد كە ئەوە چارە بوو، بەڵام ھەندێك كاتی دەویست و بۆرییەكە١٨٠كم دەبێت كە گوشاری دابەزێت و پێویستە ئەو ھەموو بۆرییە پڕ ببێتەوە ئەمەیش كاتی دەوێت، هەروەها كێشەیەكی دیكە لە وێستگەی چەمچەماڵ دروست بوو بە هۆی ئەویش نزیكەی ٩٥٠مێگاوات كارەبا كەمی كرد، بەڵام لە ئێستادا ھەردوو گرفتەكە چارە بوونە".

(ھەورامی) گوتیشی، مانگەكانی رابردوو تا ٢٣سەعات كارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرا، لە ئێستادا رێژەی كارەبا رۆژانە١٢سەعات دەدرێت لەبەر ئەوەی خەڵك زیاد لە پێویست كارەبا بەكار دەھێنێت بۆ گەرمكردنەوە، بۆیە گەر خەڵك ھاوكار بێت، زیاتر كارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرێت و بەو رێژەیە كەم نابێتەوە، چونكە لە ھەموو دونیادا كارەبا بۆ گەرمكردنەوە نییە، بەڵكوو بۆ ئامێرەكانی دیكە بەكار دێت".
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕوونی كردەوە، خەڵك گەر نەوتیشی ھەبێت كارەبا بۆ گەرمكردنەوە بەكار دەھێنێت و ھەشە لە حكوومەت تووڕەیە زیاتر كارەبا بەكار دەھێنێت، پێییان وایە بەو شێوەیە زیان بە حكوومەت دەگەیێنێت، بۆیە پێویستە خەڵك ھاوكار بێت، لەبەر ئەوەی دواجار لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.

باسی لەوەیش كرد: "لە ھەوڵداین بۆ زیادكردنی رێژەی كارەبا لەگەڵ پارێزگاكان و زیادەڕۆییەكان نەھێلِین و پێوەری زیرەك لەسەر ستوونەكان دانێین، كەپلانی باشمان داناوە، بەڵام ئەمانە ھەمووی كاتی زۆری دەوێت".

بڵند ئیبراھیم  
 

هەواڵی پەیوەندیدار