٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی پەرلەمانی فەرەنسا ڕەوشی ناوچەكە تاوتوو دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە دیداریدا لەگەڵ (جان جاكوز) ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فەرەنسا، سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتە سەختەكاندا كرد و، ئاماژەی بەوە دا كە سەردانی بەڕێز فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرەتای هێرشەكانی داعشەوە، لە ڕووی مۆڕاڵەوە هاوكارییەكی باش بوو بۆ پێشمەرگە، ئەمە جگە لە هاوكارییە سەربازییە بەردەوامەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و هیوای خواست فەرەنسا ئاوڕێكی جددیتر لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە لە هەرێمی كوردستان بداتەوە.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٧-١١-٢٠١٦  (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (جان جاكوز) ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فەرەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا (جاكوز) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و ڕێزی خۆی پێشكەش بە خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان كرد كە توانیویانە بە باشترین شێوە بەرگری لە هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بكەن و لە دەستی تیرۆر بیانپارێزن، بەتایبەتی قوربانیدانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند. باسی لەوەش كرد كە لە میانی سەردانیدا بۆ بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان ئەوەی بەدیكردووە كە هەماهەنگی و پەیوەندییەكی باش لەنێوان پێشمەرگە و پسپۆڕە سەربازییەكانی فەرەنسیدا هەیە و ئەوان وەك لیژنەی بەرگری هەموو ئەو كەموكوریانەی لە هاوكارییە سەربازییەكاندا بۆ هەرێمی كوردستان هەن پێشكەش بە پەرلەمانی وڵاتەكەیان دەكەن تاكو لەوێشەوە پێشكەش بە وەزیری بەرگریی فەرەنسا بكرێت.


شاندی میوان باسیان لە بارودۆخی ناوچەكە و ڕەوشی ئاوارەكان و دروستبوونەوەی متمانە لەنێوان ئاوارەكاندا لە كاتی گەڕانەوەیاندا بۆ سەر زێدی خۆیان كرد و بە پێویستیان زانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە هاوكاریی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال بكات و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەییی خۆیان بۆ هەر هاوكارییەك نیشان دا.

لای خۆیەوە  سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتە سەختەكاندا كرد و ئاماژەی بەوە دا كە سەردانی بەڕێز فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرەتای هێرشەكانی داعشەوە، لە ڕووی مۆڕاڵەوە هاوكارییەكی باش بوو بۆ پێشمەرگە، ئەمە جگە لە هاوكارییە سەربازییە بەردەوامەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و هیوای خواست فەرەنسا ئاوڕێكی جددیتر لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە لە هەرێمی كوردستان بداتەوە، بەتایبەت كە ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی مووسڵ بەردەوامی هەیە و پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆرتری خەڵكی ئەو شارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش، سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارە بكات و ئێستاش لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا هەماهەنگی و هاوكارییەكی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەیە كە بۆتە هۆی سەركەوتن و دەستكەوتی باش.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانیش هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و دوا سەردانی خۆی بۆ توركیا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار