٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

4 هەزار و 500 كەس لە مووسڵەوە ئاوارەی دهۆك بوونە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- جێگری پارێزگای دهۆك بۆ كاروباری ئاوارەكان رایگەیاند، لە دوای ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵەوە تا ئێستا، زیاتر لە 4 هەزار و 500 خێزان لەو شارەوە ئاوارەی سنووری دهۆك بوونە، بەڵام لەو ناوچانەی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕزگار كراون، خەڵك دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

(ئیسماعیل محەممەد)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە ئامادەكارییەكی باشمان كردووە بۆ وەرزی زستان بۆ ئەوەی تووشی هیچ كێشەیەك نەبینەوە، ئێستا نەوت بەسەر كەمپەكاندا دابەش دەكەین، لە 7 كەمپ نەوتمان دابەش كردووە، لە رۆژانی داهاتوودا لە كەمپەكانی دیكەیش دابەشی دەكەین، هەروەها بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوایش نەوتمان دابین كردووە".
(محەممەد) گوتیشی: "بۆ دەرەوەی كەمپەكان لە ڕێگەی چەند ڕێكخراوێكەوە نەوت بەسەر ئاوارەكاندا دابەش دەكەین، بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا هیچ كێشەیەكیان نەبێت".
روونیشی كردەوە: "پاش ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شاری مووسڵ زیاتر لە 965 خێزان كە 4 هەزار و 500 كەس دەبن، لەو شارەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و لە كەمپی زێلكا نیشتەجێ كراون".
ئەوەیشی گوت: "ئێستا نزیكەی 700 هەزار ئاوارە لە سنووری دهۆك هەن، رۆژانە خەڵكی كەمپەكان و شوێنەكانی دیكە دەگەڕێنەوە ناوچە ڕزگاركراوەكان، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕزگار كراون".

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار