بڕیارە یادداشتنامەیەك لە نێوان هەرێم و پاریس بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال واژۆ بكرێت

فەڕەنسا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ڕایدەگەیێنێت، بڕیارە یادداشتنامەیەك لە نێوان هەرێمی كوردستان و پاریس بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان ئامادە و واژۆ بكرێت، بە تایبەتی بۆ شنگال قوتابخانە و نەخۆشخانە و چەند دەزگایەكی تر دروست بكرێن.
(د. عەلی دۆلەمەڕی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لەگەڵ خاتوو (ڤالێری پێكرس) سەرۆكی هەرێمی پاریس بە ئامادەبوونی خاتوو (ڤیان دەخیل) كۆ بووینەوە، لە كۆبوونەوەكەیشدا بڕیار درا یادداشتنامەیەك ئامادە و واژۆ بكرێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی پاریس لە ئایندەدا بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان بە تایبەتی شنگال بۆ دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چەند دەزگایەكی تر."
(دۆلەمەڕی) گوتیشی: "لە سەرەتای ساڵی داهاتوویشدا وەفدێك لە هەرێمی پاریس بە سەرۆكایەتیی خاتوو (ڤالێری پێكرس) سەرۆكی هەرێمی پاریس، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ واژۆكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان ."
نەشوان بەرزنجی




