هەشتا هەزار فەرمانبەر ناویان لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا تۆمار كردووە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، تا ئێستا هەشتا هەزار فەرمانبەر ناویان لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا تۆمار كردووە و، پڕۆسەكە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچێت.
(هیوا فەرزندە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتریی فەرمانبەران لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا درێژەی هەیە و لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا نزیكەی هەشتا هەزار فەرمانبەر ناوی خۆیان تۆمار كردووە و بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا كردووە، پڕۆسەكەیش زۆر بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا هیچ ئاستەنگێك نەهاتووەتە پێشێ بۆ ئەوەی گرفت بۆ بنكەكانی ئێمە دروست بكات".
(فەرزەندە) گوتیشی: "لە هەموو شارەكاندا بنكە كراونەتەوە و لە هەولێر حەفتا بنكە و لە سلێمانییش بە هەمان شێوە حەفتا بنكە و ژمارەیەك بنكەیش لە شاری دهۆك كراونەتەوە، با فەرمانبەران پەلە نەكەن لە تۆماری بایۆمەتریی فەرمانبەران، چونكە پڕۆسەكە بەردەوامی دەبێت و دەتوانن لە هەر كاتێكی گونجاودا سەردانی تۆماری بایۆمەتری بكەن".
قائید میرۆ




