٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: هەر لایەنێک مەرجی هەبێ لەگەڵیدا کۆ نابینەوە.. هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە دواكەوتن لە دابەشكردنی مووچەدا چارە بكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، چاوەڕێین هێزە سیاسییەکان لەبەر ڕۆشنایی پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) گفتوگۆ بکەن و کێشەکان چارە بکەن. گوتیشی، هەر لایەنێک مەرجی نەبێ بۆ دانیشتن، ئێمە لەگەڵیاندا کۆ دەبینەوە، بەڵام کە مەرج هەبێ لەگەڵیاندا کۆ نابینەوە. سەرۆکوەزیرانی کوردستان هه‌روه‌ها رایگەیاند، هەموو هەوڵێكی حكوومه‌ت بۆ ئەوەیە دواكەوتن لە دابەشكردنی مووچەدا چارە بكەن. 

 
 
تا ڕێژەیەكی باش ئەو مەترسیانەی لەسەر هەرێمی كوردستان بووە كەم بووەتەوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 27-11-2016 دوای بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی پەیوست بە ڕەوشی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئاماژەی دا كە ئەوان ئێستا چاوەڕێی ئەوەن هێزە سیاسییەكان لەسەر بنەمای ئەو پەیامە كۆبوونەوە و گفتوگۆ بكەن و كێشەكان چارەسەر بكەن.
 ئاشكرایشی كرد، گەر بە وردبینییەوە سەیری پەیامەكەی جەنابی سەرۆكی هەرێم بكرێت، ڕوونە كە لە پەیامەكەیدا چی دەڵێت. ئەوان پێشتریش گوتوویانە دووساڵ لەمەوبەر كە ئەم كێشانە لەناو كوردستان دروست بوو، ئەو كات ئەولەویەت شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بوو و پێویست بوو ئەم شەڕە وەك لە كاری هەرە لەپێشینە بمێنێتەوە، ئەو لایەنە سیاسییانەی ئەو كات ئەم كێشەیان دروست كرد دەبوایە بیریان لەوە بكردبایەوە كە ئەولەویەت شەڕی داعشە نەك گۆڕینی ماددەیەكی یاسایی.
 
هەروەها گوتی: "ئێستایش هێزی پێشمەرگە بەرەو سەركەوتن دەڕوات و ماوەی دوو ساڵە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە لە بەرەكانی شەڕ چاودێریی بەرەكانی جەنگ دەكات و، لەژێر سەرۆكایەتیی ئەودا ئەمڕۆ دەتوانرێت بگوترێت تا ڕێژەیەكی باش ئەو مەترسیانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هه‌بوون كەم بوونەتەوە؛ بۆیە زۆر ڕوونە ئەو ڕۆژەی ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوە دەكرد نابێت بەو شێوەیە ڕەفتار بكرێت، لەبەر هێرش و مەترسیی داعش بووە و، ئەمڕۆیش كە شەڕەكە بەرەو كۆتایی دەڕوات، سەرۆكی هەرێم دەستپێشخەری هەبووە بۆئەوەی كێشەكان چارەسەر بكات. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا لایەنەكان تا چەند بەپیری ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دێن. گەر لایەنەكان هاتن ئەوا ئێمەش بێگومان قسەیان لەگەڵ دەكەین و ئامادەشین بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و لێكگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین. هەر لایەنێك ئامادەبێت بێ مەرج گفتوگۆیان لەگەڵ بكات، ئەوا ئێمەیش ئامادەین لەگەڵیان دابنیشن، بەڵام ئەگەر مەرجیان هەبێت ئەوا لەگەڵیان دانانیشین".
 
سەبارەت بە تیرۆركردنی (د. وشیار ئیسماعیل) مامۆستای ئایینی، سەرۆكوەزیران سەرەتا سەرەخۆشیی لە كەسوكار و خانەوادەی خوالێخۆشبوو و هەموو خەڵكی هەولێر كرد و گوتی: "هەر لە ڕۆژی ڕووداوەكەوە تا ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكان شەو و ڕۆژ كار دەكەن و تەنیا دەتوانم ئەوەندە بڵێم كە لەوبارەیەوە هەواڵی زۆر خۆش هەیە و ڕاگەیاندنی هەواڵەكەش بۆ ئاسایش بەجێ دەهێڵم تا خۆیان ڕایبەگەیەنن. بەدواداچوونێكی تەواو هەیە لەو كەیسەدا و هەواڵەكان زۆر باشن و هێزە ئەمنییەكان كاری زۆر جیددییان كردووە و گەیشتوونەتە ئەنجامی زۆر باش و سەركەوتوو لە پرسەكەدا، بەڵام وردەكاریی ئەنجامدانی تاوانەكە جێ ده‌هێڵم كە ئاسایش یان ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان خۆی هەواڵ و ئەم وردەكارییانە ڕابگەیەنن و لەمبارەیەوە هەواڵی خۆش بەڕێوەیە."
 
پرسی هەدەپە و بەرپرسە دەستگیرکراوەکانی ئەو پارتە تاوتوو کرا
دەربارەی دواسەردانیان بۆ وڵاتی توركیا، دووپاتی كردەوە كە ئەو سەردانە لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەدایە كە بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان ئەنجامیان دەدەن. لەو سەردانەشدا لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوە و سەركۆماری توركیا كۆ بوونەتەوە و تیایاندا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لەلایەك و پەیوندییەكانی نێوان توركیا و عێراق لەلایەكی دیكە و ئەو نیگەرانیانەی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵدا دروست دەبن و چۆنیەتیی هاوكارییەكانی توركیا بۆ ئەو ئاوارانەی لە ئەنجامی شەڕدا ئاوارەبوون، گفتوگۆ كراون.
 
ئەوەشی خستەڕوو كە لە دیداری لەگەڵ (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) سەركۆماری توركیادا، باس لە پرسی هەدەپە و بەرپرسە دەستگیركراوەكانی ئەو پارتییە لە توركیا كراوە. جەختی لەوەش كردەوە كە ''پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بابەتێكی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و بابەتێكی ئاڵۆز و ئاسان نییە و زۆر لەوە ئاڵۆزترە كە پێشبینییان دەكرد و ناتوانرێت خەتاكەشی بخرێتە سەر لایەنێك. تشكی خستە سەر ئەوەش كە ئەوەی لە توركیا ڕوو دەدات، لە ئەنجامی سیاسەتێكی هەڵە بووە كە پێشتر پەیڕەو كراوە و هەردوولاش كەم تا زۆر لەو بابەتەدا پێویستە بەرپرسیارەتی هەڵگرن. ڕاشیگەیاند كە سیاسەتی هەرێمی كوردستان ئەوە نییە دەست بخاتە ناو كێشەیەكی ئاواوە، بەڵام گەر بتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی چارەسەرێك هەبێت، ئەوا ئامادەن یارمەتی و هاوكاری پێشكەش بكەن.''
 
پێمانخۆشە حەشدی شەعبی لە عێراق بخرێتە نێو چوارچێوەیەكی یاسایی
لە بارەی پەسەندكردنی یاسای حەشدی شەعبی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "ئێمە ڕێزمان هەیە بۆ ڕۆڵی حەشدی شەعبی لەو بەرەنگاربوونەوە و بەرگرییەی تا ئێستا كردوویەتی لە عێراق و پێمان وایە ڕۆڵی حەشدی شەعبی لەو بارەیەوە گرینگ بووە. ئێمە پێمانخۆشە حەشدی شەعبی لە عێراق بخرێتە نێو چوارچێوەیەكی یاسایی، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە پێمان وایە دەبوایە هێزی پێشمەرگەش بخرێتە ناو مەنزوومەی بەرگری لە عێراق و چۆن بۆ حەشدی شەعبی ئێستا هەموو شتێك دابین دەكرێت، دەبوایە حكوومەتی عێراق بیری لەوەش بكردبایەوە هێزی پێشمەرگە وەكو بەشێك لە مەنزومەی دیفاعی عێراقی كە ئەمڕۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات، چۆن داواكاریی حەشدی شەعبی جێبەجێ دەكات، دەبوایە لەو چوارچێوەیەدا هاوكاریی پێشمەرگەش بكات. ئێمە ئەوەی حەشدی شەعبی بە باش دەزانین، بەڵام پێمان وایە ئەو سیاسەتە دووفاقییەی بەغدا كارێكی زۆر خراپە كە لەگەڵ پێكهاتەكانی عێراق دەیكات و دەبوایە ئەو كارەی بۆ حەشدی شەعبی كردوویەتی، بۆ پێشمەرگەش ئەوە كرابایە وەكو بەشێك لە مەنزومەی بەرگریی عێراقی".
 
دەربارەی لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی كەنەدا كە گوتبووی بەغدا ڕێگرە لە ناردنی چەك بۆ هێزی پێشمەرگە، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە ئەو پرسیارە لە بەغدا بكرێت، چونكی هەرێمی كوردستان چەك لە دژی داعش بەكار دەهێنێت و داعشیش دوژمنی هەرێمی كوردستان و عێراقە. هەرێمی كوردستان پێویستی بە چەكە تەنیا بۆ بەرگریكردن لەخۆی، نەك هەڕەشە لە هیچ كەس و لایەنێك بكات و زۆر بەجێ دەبێت ئەو پرسیارە لە بەغدا بكرێت كە بۆچی تا ئێستا ڕێگرن ئەو چەكانەی لە كەنەداوە بۆ سوپای عێراق و پێشمەرگە نێردراوە، بگاتە هەرێمی كوردستان.
 
حكوومەت پێی باش نەبووە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەبێت
لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی مووچەی مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە پێویستە مووچەخۆران بزانن ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت بۆ چاككردنەوەی مووچە دەیكات، بەڵام توانای دارایی حكوومەت ئەوەندەیە. دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەت پێی باش نەبووە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەبێت و ئەوەی كە كراوە ڕێكارێك بوون بە ناچاری ئەنجام دراون، گەر نا هیچ حكوومەت و سەرۆكوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانێك لە جیهان نییە ئەو بڕیارە بدات پاشەكەوتی مووچە بكات گەر لە ناچاری نەبێت. جەختی لەوەش كردەوە كە ئەوان شەو و ڕۆژ خەریكن ئەو بارودۆخە چاك بكەنەوە كە لە ئەنجامی كۆمەڵێك هۆكارەوە دروست بووە.
 
هەروەها هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی ئەو خشتەیەشی خستە ڕوو كە بۆ دابەشكردنی مووچە دانرابوو و لەمبارەیەوە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی بای حەسەن كە ماوەیەكی درێژ هەناردەكردنی نەوتی وەستاند و، نەدانی پارەی 150 هەزار بەرمیلی نەوت لەلایەن بەغداوە كە لە سەرەتای ساڵی 2015 ڕێككەوتنێكیان لەسەر كردبوو كارگەریی سەرەكییان هەبوو لەسەر ئەوەی نەتوانن ئەو خشتەیەی دابەش كردنی مووچە وەك پێویست جێبەجێی بكەن و ڕایگەیاند كە ئێستا هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن جا بە هەر شێوەیەك بێت جا چ ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو بێت و ڕێگەش نادەن مووچەی خەڵك بفەوتێت.
 
هەروەها سوپاسی خەڵك و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە خۆڕاگرن بەرامبەر ئەم ڕەوشە و تێیدەگەن. ڕوونیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی دارایی سەختدایە و بێ تێگەیشتن لەو قەیرانە لەلایەن مووچەخۆرانەوە، ئەوان ناتوانن بەسەر ئەم قەیرانەدا سەركەوتوو بن. هەموو ئەو قسە و دەنگۆیانەشی بەدرۆ خستەوە كە دەگوترێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان پارەی هەیە و نایداتە مووچەخۆران و ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێكی گەورەی دارایی بووەتەوە بۆیە نەیتوانیوە بەڵێنەكانی وەك پێویست جێبەجێ بكات و ئەگەر ڕەوشی دارایی باش بێت ئەوا بێگومان حكوومەتی هەرێم هەوڵ دەدات مووچەی خەڵك دابین بكات و ئێستاش هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە ئەو دواكەوتنەی لە دابەشكردنی مووچە ڕوویداوە، بە هەر شێوەیەك بێت چارە بكەن.
 
سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان، گوتی: "سەرەتا كە موازەنە دادەنرێت دەبێت بێن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان قسە بكەن، تا ئێستا نەهاتوون قسەش لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بكەن بۆ دانانی موازەنە. ئەگەر دانانی موازەنەیەك بەبێ ڕەزامەندیی و گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابنرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێت بەرگریی لەو موازەنەیە بكات."
 
ئێمە هیچ ناكۆكییەكی شەخسیمان لەگەڵ مالیكی نەبووە
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بە ئاشتبوونەوەی نیشتمانی له‌ نێوان سوننه‌ شیعه‌ و بەشدارینەكردنی كورد لەو ئاشتبوونەوەیەدا و ناكۆكیی كەسی نێوان بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و (نووری مالیكی)، سەرۆكوەزیران گوتی: "ئێمە هیچ ناكۆكییەكی شەخسیمان لەگەڵ (مالیكی)دا نەبووە، نە سەرۆكی هەرێم و نە ئێمەش ناكۆكیی شەخسیمان لەگەڵ ئه‌ودا نەبووە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان شەش مانگ پێش ئەوەی داعش مووسڵ داگیر بكات هەموو لایەكی ئاگادار كردەوە كە عێراق بەرەو تاكڕەوی و دیكتاتۆریەت دەڕوات، كیشەی ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆكوەزیران (مالیكی) ئەوە بووە، كێشەی شەخسیمان لەگەڵ نەبووە. ئەوەی كە باس كرا ئاشتبوونەوە لەنێوان پێكهاتەكان بە بێ ئاشتبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق چ سوننه‌ چ شیعە چ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق، مومكین نییە ئیستقرار و ئاسایش لە عێراق بەرقەرار ببێت. بەڵام ئەوەی كە جەنابت باست كرد، بەڕاستی ئاشتبوونەوەیەكی عێراقییە ئەوەش دیارنییە كە لە كۆتاییدا ئەو ئاشتبوونە چی دەردەچێت. ئەگەر ئێمە بتوانین لە چوارچێوەی ئاشتبوونەوەی عێراقی ڕۆڵێك ببینین، بێگومان ئێمە ئەو كات ڕۆڵی خۆمان دەگێڕین".
 
گەر بەغدا ئامادەبێت پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات هەروەك كە هەیە، ئەوا ئەوان دەچن بۆ بەغدا
سەبارەت بە هۆكارەكانی ڕێكنەكەوتنی عێراق و هەرێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی، لە ساڵی 2014 كاتێك بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، حكوومەتی هەرێم بە ناچاری دەستی بەوە كرد نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات و سەربەخۆ بیفرۆشێت چونكە لە مانگی 2ی 2014 هەرێمی كوردستان نەوتی هەناردەی دەرەوە نەكردبوو كاتێك بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی. دووپاتیشی كردەوە ئەگەر لەگەڵ بەغدا چارەسەرێك هەبێت و بەرژوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكات، ئەوا ئەولەویەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەركردنی كێشەكانییەتی لەگەڵ بەغدا و گەر بشزانن دەتوانن لە بەغدا كێشەكان چارەسەر بكەن ئەوا هەر كاتێك ئەوان ئامادەن بچنە بەغدا و كێشەكان چارەسەر بكەن بەتایبەتی لەسەر پرسی بودجە. ئاشكراشیكرد كە بەغداش وەك هەرێمی كوردستان كێشەی بودجەی هەیە، بەڵام ئەوان پارەی یەدەگیان هەیە و مانگانە بۆ دابینكردنی مووچە بەكاری دەهێنن، بەڵام هەرێمی كوردستان ئەو یەدەگەی نییە، هەروەها ڕایگەیاند گەر بەغدا ئامادەبێت پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات هەروەك كە هەیە، ئەوا ئەوان دەچن بۆ بەغدا.
 
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە سەردانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات و چەند وڵاتێكی كەنداو، سەرۆكوەزیران ئاشكرای كرد كە سەردانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو داوەتنامانەدا ئەنجام دراوە كە بۆی نێردراوە و نەشیزانیوە لە بەرنامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هەبێت سەردانی هەریەك لە وڵاتانی سعوودیە و قەتەر بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار