ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا، هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ دابینكردنی مافی نەتەوەكان بەرز نرخاند

فەڕەنسا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ڕایدەگەیێنێت، لە ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی لەبارەی بارودۆخی ئێزدی و مەسیحییەكان لە دوای تیرۆریستانی داعش بەڕێوە چوو و، تێیدا هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مافی گشت نەتەوەكان بەرز نرخێندرا.
(د. عەلی دۆلەمەڕی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی بە ناوی بارودۆخی ئێزدی و مەسیحییەكان دوای كۆتاییهاتنی تیرۆرستانی داعش، لە بارەگای ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا بە ئامادەبوونی (برنارد كوشنەر) و (پیتر گالبریپ) و (سیناتۆر ئیڤ پوزو) و (عەدنان موفتی) و (كەندال نەزان) و (ڤیان دەخیل) بەڕێوە چوو كە لەلایەن ئەنستیتوتی كوردی لە پاریس ساز كرابوو".
(دۆلەمەڕی) گوتیشی: "لە كۆنفڕانسەكەدا بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گوتارێكم پێشكەش كرد و تێیدا تیشكم خستە سەر هەموو هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مافی گشت نەتەوەكان و گشت مافەكانیان، هەروەها (سەرۆك بارزانی)ـیش هەمیشە داوا دەكات گشت پێكهاتەی شارەكان بەشداریی بەڕێوەبردنی شارەكە بكەن و دەبێت ئیدارەیەكی هاوبەش لە گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان پێك بهێنرێت و نابێت هیچ لایەك پشتگوێ بخرێت و هەوڵ بدرێت ئایدۆلۆژیای توندوتیژی و ئیرهابی بنەبڕ بكرێت و خودی دانیشتووانی ناوچەكە ئیدارەی خۆیان بكەن بە هاوكاری و هاوبەشی حكوومەتی هەرێم و عیراق ."
دەشڵێ: "هەر لە كۆنفڕانسەكەدا هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مافی گشت نەتەوەكان، بەرز نرخێندرا".
نەشوان بەرزنجی




