٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: دەبێ بنەبڕکردنی تووندوتیژیی دژ بە ژنان، لە پرۆگرامی پەردوەردەدا بچەسپێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگه‌یاند، کاری حکوومەتە مافی کۆی هاووڵاتیان بپارێزێ، تا تووندوتیژی بەرانبەر بە ژنیش بنەبڕ بکەین کاری زیاتر و جیددیتری دەوێ. گوتیشی، دەبێ بە سیستمی پەروەردەماندا بچینەوە و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لە پرۆگرامی خوێندندا بچەسپێ.

 
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 27-11-2016 بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان و كۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ڕێكخراوانی بواری مافی ئافرەت و مرۆڤی نێودەوڵەتی و ناوخۆ، كۆنفرانسی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دەستی پێكرد كە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران و سەنتەری چارەسەری و پشتگیریی ژنان و كچانی ڕزگاربوو لە دەستی داعش ڕێكخراوە و بە چالاكی جیاجیا بۆ ماوەی شازدە ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

(نێچیرڤان بارزانی)هه‌روه‌ها ڕایگەیاند، بە بێ هۆشیاریی کۆمەڵایەتی مافەکان گەرەنتی ناکرێن. بۆیە داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی دەکەم، هەڵمەتی وشیاری بەرپا بکەن.

 
 دەقی وتەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانە:
 
ئامادەبووان و میوانانى بەڕێز،
ڕۆژتان باش،
بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
سڵاو دەنێرم بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان كە ئێستا بەرەنگاری گه‌وره‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستی بوونەتەوە، بۆ پاراستنی ئاشتی لە جیهاندا. سڵاو بۆ خێزانی شەهیدانی پێشمەرگە دەنێرم. هیوای سەركەوتنێكی كەم زیان و خێرا بۆ سوپای عێراق دەخوازم لە تەواوكردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵدا.
بەڕێزان ..
پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ یه‌كێكە له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانى دەسەڵاتدارییەكی باشه‌، ئه‌وه‌ش به‌بێ پاراستنى‌ مافه‌كانى ئافرەت نابێت. ئەوە كاری حكوومەتە مافەكانی هەموو هاووڵاتیان بپارێزێت، بەڵام ئەو كارە پێویستی بە هاوكاریی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە.
یاساكان گرنگن بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، بە مافی ئافرەتانیشەوە، چونكە یاساكان ناتوانن بەبێ هۆشیاریی كۆمەڵایەتی، مافەكانی مرۆڤ گرەنتی بكەن. بۆیە لێرەدا داوا لە ئەنجومەنی باڵای خانمانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران و هەموو ڕێكخراوەكانی ژنان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەم كە هەڵمەتی فراوانتر ئەنجام بدەن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی یاسایی و هەوڵی بەرزكردنەوەی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی بدەن لەنێو كۆمەڵگەی ئێمەدا، زیاتریش لەناو ئافرەتاندا.
بەڕێزان ..
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە پابەند دەبینێت بەرامبەر پێناسەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان كە ساڵی 1993 لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانه‌وه‌ دەرچووە و بەپێی ئەو پێناسەیە هەر جۆرە توندوتیژیەكی جەستەیی بەرامبەر ئافرەتان لەسەر بنچینەی ڕەگەزی، كە ببێتە هۆی زیانپێگەیاندنی جەستەیی و دەروونی بەرامبەر ژنان، دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە بەرامبەر ئافره‌تان. هەروەها باوەڕمان بەوەیە كە پاراستنی مافی ئافرەتان ئەركێكی سەرەكیی حكوومەتە، چونكە مافی ژنان بەشێكە لە مافەكانی مرۆڤ و بەشێكە لە مافەكانی كۆمەڵگە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە، لە ساڵی 2008ەوە هەنگاوی گرنگی هه‌ڵناوه‌ بە هاوكاری و بەدەنگەوەهاتنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان بە شێوەیەكی یاسایی. هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراق لە ساڵی 2008 و دەركردنی یاسای ژمارە (8)ی تایبەت بە (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) لە ساڵی 2011، كە هەموو جۆرە توندوتیژییەك لەسەر بنەمای جێندەری دەخاتە بەردەم سزادانی یاسایی، هەنگاوی گرنگ بوون بۆ كاركردنی حكوومەت لە بواری پاراستنی مافی ئافرەتاندا.
هەروەها ئەوەی لە یاسا عێراقییەكاندا ناوی لێنرابوو "كوشتن لەسەر شەرەف" و بەو ناوەوە چاوپۆشی لە كوشتنی ئافرەت لێدەكرا، بە تەواوی لە كوردستاندا قەدەغەكرا و لەوكاتەوە ئەو تاوانە وەك تاوانی كوشتنی بەئەنقەست مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. جگە لە قەدەغەكردنی هاوسەرگیریی زۆرەملێ، گەورە بە بچووك، ژنبەژن، سنوورداركردن و مەرجداركردنی فرەژنی، قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی ئافرەتان و، دروستكردنی جۆرێك لە دادوەری لە مافی میراتدا لەنێوان پیاوان و ژنان و، كوڕان و كچاندا. بەو هەمواركردن و یاسا تازانە، هەرێمی كوردستان لەو ڕووەوە زۆر جیاواز بووە لە بەشەكانی دیكەی عێراق.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە دەركردنی یاسای تازە و هەمواركردنە یاساییەكان، توانی هەنگاوی كردەیی و سیستەماتیك ئەنجام بدات بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان. لە ڕێگەی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و، دانانی چەندین شێڵتەر بۆ پاراستنی ژنانی هەڕەشەلێكراو. هەروەها دادگای لێكۆڵینەوە لە توندوتیژیی خێزانی و، لێكۆڵەری تایبەت لەناو بنكەكانی پۆلیس بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دانران.
ئەمانە هەنگاوی ئازایانە و گرنگ بوون لەو ناوچەیەی ئێمەدا. لێرەدا بەدەنگەوەهاتنی خوالێخۆشبوو مامۆستا مستەفا زەڵمی بۆ داواكاریی ئێمە بۆ گۆڕانكاری و ڕیفۆرمكردن لەوباره‌یەوە و ڕۆڵی باڵای ئەو زانایە گەورەیە لەبیر ناكرێت. هەروەها ڕۆڵی هەموو ئەوانەی لە لیژنەكانی ئامادەكردنی پڕۆژەی هەمواركردنی یاسای باری كەسی و دەركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا بەشدار بوون، له‌گه‌ڵ ڕۆڵی كاریگەری مامۆستایانی ئایینی بەگشتی لە پشتگیریكردن لەو هەنگاوانە، لە هەرێمی كوردستاندا هیچ كاتێك له‌بیر ناكرێت.
بەڕێزان ..
ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان دەریدەخەن كە توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، هێشتا لە هەڵكشان و داكشاندایە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئامارەكانی كوشتن و خۆسووتاندن كەمترن بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی ئافرەتان و ئەو ئامارانە هێشتا جێگەی ڕەزامەندی نین.
به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌وه‌ى جێگه‌ى خۆشحاڵییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا ئه‌و توندوتیژیانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان ده‌كرێن، هه‌موویان ڕاپۆرت و تۆمار ده‌كرێن و وه‌ك جاران به‌ شاراوه‌یى نامێننه‌وه‌. ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانیش ڕێكاره‌ یاسایییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجامده‌رانى توندوتیژییه‌كان ده‌گرنه‌ به‌ر.
نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی، پێویستی بە هەمواركردن و گۆڕانكاریی زیاترە لە پرۆگرامەكانی خوێندن و پەروەردە لە قوتابخانەكان و زانكۆكانی كوردستان. دەبێ ڕێزگرتنی ئافرەت و نامۆبوونی ئەنجامدانی توندوتیژیی بەرامبەر ئافرەتان، ببێتە بەشێك لە كولتوور و پەروەردەی ئەم وڵاتە هەر لەسەرتای چوونی منداڵەكانمان بۆ قوتابخانە.
لێرەدا دەمەوێ لەسەر ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی ئایینیش ڕابوەستم. زۆر لە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی باشیان بینیوە لە هاندانی كۆمەڵگەی كوردستان بۆ دووركەوتنەوە لە توندوتیژیی بەرامبەر ئافرەتان، بەڵام كاری ئەوان لەو بوارەدا هێشتا زۆری ماوە، چونكە هێشتا توندوتیژی بەرامبەر ژنان ماوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا. بۆیە داوا لە هەموو مامۆستایانی ئایینی دەكەم بڵاوكردنەوەی هۆشیارییەكی مرۆڤانە بۆ پاراستنی مافەكانی ئافرەتان وەك ئەركێكی گەورەی ئایینی و ئینسانی و نیشتیمانیی هەرە لەپێشی خۆیان تەماشا بكەن. داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیش دەكەم كە بەرنامە و پلانی تایبەتی تازەیان هەبێت لەوباریه‌ەوە.
ئامادەبووانی هێژا..
داعش بە هێرش و كردەوە دڕندانەكانی؛ هەموو جیهانی تاساند، بەڵام تاوانەكانی بەرامبەر ئافرەتانی كوردی ئێزدی لە هەموو تاوانەكانی دیكه‌ى دڕندانه‌تر بوون، كە ئەو سووكایەتی و تاوانە بە هیچ شێوەیەك لەبیر نەتەوەكەمان ناچێتەوە. بەڵام هەر چۆنێك بێت بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیەش دەستەوەستان نەوەستاین و زوو دەستمان كرد بە ڕزگاركردن و پارێزگاریكردن لێیان.
ئێمە بە دامەزراندنی نووسینگەیەكی تایبەت بۆ ڕزگاركردنی ئەو خوشك و دایكانەی كوردی ئێزدی كە لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، كارێكی زۆرمان كرد بۆ ڕزگاركردنیان. لەكاتی هێرشی داعشەوە لە ئابی 2014ەوە بۆ سەر دەڤەری شنگال تا ئێستا زیاتر لە 2890 كەس لە خوشكان، كچان و منداڵان و پیاوانی ئێزدی ڕزگار كراون. تەنانەت هەفتەی ڕابردوو 18 كچ و ژن و منداڵی ئێزدی لە تەلەعفەر لە دەستی تیرۆرستان ڕزگاریان بوو. لەم هەوڵانەشمان بەردەوام دەبین تاوەكو هەر هەموویان ڕزگار دەكەین.
ئەو كۆمەڵكوژی و ڕفاندنە بەكۆمەڵە، شوێنەواری دەروونیی زۆر خراپی لەسەر قوربانییە ڕزگاربووەكان و كەسوكاری ئەو قوربانیانە دروست كردووە هەروەكو بینیمان كە هەندێك لەوان هاتبوون بۆ ئەو ڕێوڕەسمە. سەنتەری چارەسەری و پشتگیری لە ژنانی ڕزگاربوو لە دەست تیرۆرستانی داعش كە لە دهۆك دامەزراوە، تا ئێستا چارەسەری دەروونی و جەستەیی پێشكەش به‌ زیاتر لە 824 ئافرەت و كچی ئێزدی و مەسیحی ڕزگاربووی دەستی تیرۆرستانی داعش كردووە، بەڵام بە ڕاستی بۆ ئەو مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە یارمەتیی ڕێكخراوە تایبەتمەندە نێودەوڵەتییەكانە.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
لەم ڕێوەڕەسمە دوو هەفتەییە ساڵانەیەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتاندا بە ئێوەی بەڕێز ڕادەگەیێنم، بۆ نەهێشتنی كاریگەرییەكانی شەڕ و تاوانەكانی شەڕ لەسەر كۆمەڵگەكەمان، بۆ نەهێشتنی كاریگەریی نەریتە خراپەكان، پێویستیمان بە هەڵمەتێكی بەردەوامی نەهێشتنی توندوتیژی لەنێو كۆمەڵگەكەماندا هەیە. هەروەها پێویستیمان بەوەیە كە بنچینەكانی توندوتیژی لە فكر و باوەڕەكانی خۆماندا نەهێڵین.
له‌ كاتێكدا پێشمەرگە كە ئەمڕۆ بووەتە سیمبۆلی پارێزەری ئازادیی هەموو جیهان، دەبێ كۆمەڵگەی ئێمەش بگاتە هەموو بنەما یاساییەكانی ئازادیی ژیان و نەهێشتنی هەموو ئەو توندوتیژیانەی هەڕەشە لە ژیانی ژنانی كوردستان دەكەن.
زەوتكردنی ئازادییە یاساییەكانی ژیان لە ژنان، گەشەكردن و ئارامی لە هەموو كۆمەڵگەی كوردستاندا دەوەستێنێت و تێكیدەدات، لەبەر ئەوەش دەبێ هەموومان هۆشیار بین و هۆشیارییەكی كۆمەڵایەتی بڵاو بكەینەوە و پابەندی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە بین كە لە هەرێمی كوردستان دەرچوون.
من دەمەوێ دووبارە بەخێرهاتنتان بكەم و هیوادارم ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی لە كوردستان و هەموو جیهاندا كەم ببێتەوە بەرامبەر ژنان و هەموومان بەردەوام لەو پێناوەدا كار بكەین. سوپاسی ئەو ڕێكخراوانە دەكەم كە كاریان لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان كردووە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی لە هەرێمی كوردستاندا.
دەستخۆشی و سوپاسێكی تایبەتیش لەو یەكانەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەم كە بەڕاستی من ئاگادارم شەو و ڕۆژ چ كارێك دەكەن لەپێناو ئەو ئامانجەدا كە هەندێكیان لەو ڕێوڕەسمەدا دانیشتوون و دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوادارم هەر سەركەوتوو بن و هیواداریشم بە جددی بەردەوام لەو ئەركەی كە پێیان سپێردراوە و وەزیری ناوخۆش كە لێرەیە تەئكید لەو بابەتە بكاتەوە.
لەوە گرینگتر هۆشیارییەكە یە هەروەك جەنابی كونسوڵی ئەڵمانیا دووپاتی كردەوە، هۆشیاری لە سەرووی هەموو شتەكانە، نە بە پۆلیس چارسەرە دەكرێت و نە بە یاسا چارەسەر دەكرێت. ئەوەی پێویستە ئەوەیە كە دەبێت ئێمە بەردەوام هۆشیاری كۆمەڵایەتی بڵاو بكەینەوە لە قوتابخانە تا دەگاتە مزگەوت و گەر ئەو هۆشیارە بڵاو بووەوە بێگومان ئێمە لە پرسی بنبڕكردنی توندوتیژیدا پێشەنگ دەبین بەهیوای ئەوەی ئەو ڕۆژە ببینین.
 
هەموولایەكتان بەخێربێت و زۆر سوپاس

هەواڵی پەیوەندیدار