لە خانەقین تیرۆریستان شەوان بورجی كارەبا دەتەقێننەوە.. بۆمبی چێندراویش دادەنێنەوە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دەڵێت، گرووپێكی تیرۆریستانی داعش لە سنووری خانەقین شەوانە بە ماتۆڕسیكل دەردەچن و لە ھەر شوێنێك بورجی كارەبا ببینن، دەیتەقێنەوە و هەروەها بۆمبی چێندراویش دادەنێنەوە.
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری قەزای خانەقین و گوندەكانی دەوروبەری ژمارەیەك تیرۆریستی داعش بە ماتۆڕسیكل بەردەوام دەسووڕێنەوە و لە ھەر شوێنێك بورجی كارەبا ببینن، دەیتەقێنەوە و بازگە دادەنێن و خەڵكیش دەڕفێنن، كە بە تایبەت لە ناوچەی نەفتخانە و ئەولاتر زیاتر ئەو كارە دەكرێت."
(شێخ جەعفەر) گوتیشی، ئەو چەكدارانە لە شاخەكانی پشت نەفتخانەوە دێنە خوارەوە و خەڵكی گوندەكانیش ھاوكارییان دەكەن و ھەندێك جار تاوەكو سێڕێیانی جەلەولایش دێن، ماوەیەك پێش ئێستایش بۆمبێكیان داناوە و چەند پێشمەرگەیەكی شەھید كرد و ئەمانە خەڵكی گوندەكانی ئەو ناوچانەن و شەوانە بە ماتۆڕسیك دێنە دەرەوە و ئەو كردەوانە ئەنجام دەدەن".
لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو حاڵەتە، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، كۆنتڕۆڵكردنی ئەستەمە، چونكە ئەمانە لە پشتی سەنگەرەكانەوە دێن كە لەناوچە جیاجیاكانەوەیە و دیار نییە چۆن دێن، بۆیە ھەر جارێك دێن پێنج تاشەش كەس دەبن و لە زۆر شوێن تەقەیش دەكەن و لە ھەندێكیش بۆمب دادەنێنەوە، بۆیە شوێنێكی دیاریكراویان نیە تاوەكو ھێرشیان بكرێتە سەر و بكوژرێن و لەناو ببرێن.
بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین باسی لەوەیش كرد، لە كاتی ڕووداوەكەی كەركووك ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان ھەڵمەتێكیان ئەنجام دا كە ترسی ئەوە ھەبوو ئەوانەیش ئەوكاتە بێنە ناوشار و كێشە دروست بكەن و ئەوكاتیش تارادەیەك كۆنتڕۆڵ كرا، بەڵام ئێستایش بوونیان ھەر ھەیە و ھەر كاتێك بتوانن كردەوەی خراپ ئەنجام دەدەن".
بڵند ئیبراھیم




