٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شاخەوان عەبدوڵڵا: یاسای حەشدی شەعبی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "پەرلەمانتارە شیعەكان پێیان راگەیاندین لەگەڵمان بن و لەگەڵمان نەبن، یاسای حەشدی شەعبی هەر پەسەند دەكەین". دەیشڵێ، یاساكە بە هیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستا ناگرێتەوە و تەنیا بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراقە.

(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای حەشد شەعبی ناكۆكی نێوان شیعە و سوننەی قووڵتر كردەوە، چونكە پێش پەسەندكردنی شیعە بە ئێمەیان راگەیاند ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان ببن و نەبن هەر یاساكە پەسەند دەكرێت بە زۆرینە، ئەوەیش پێشینەیەكی خراپە یاسا بە زۆرینە تێپەڕێنن، بە پەسەندكردنی یاسای حەشدی شەعبی كێشەی نێوانی شیعە و سونەی زیاتر ئاڵۆز كرد، من خۆم پێم راگەیاندن ئەگەر وایە بۆچی سوپای عێراقیش هەڵناوەشنێنەوە و سوپایەكیش بۆ سوننە دامەزرێنن، هێزی سەربازی بەسەر سوننە و شیعە و كورددا دابەش بكرێت، هەتا پێشنیازی ئەوەیشمان كرد، ئەگەر بابەتی حەشدی شەعبی مووچەیە، با بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری، بەڵام ئەوان رازی نەبوون".
(عەبدوڵڵا) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی هیچ پەیوەندییەكی بە كوردەوە نییە و هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، هەروەها ناوچە كوردستانییەكانیش پێشتر رێككەوتنیان لەبارەوە كراوە و حەشدی شەعبی ناگرێتەوە، تەنیا بۆ عێراقە، بەڵام هەر پێمان باش نییە ئەو یاسایە پەسەند كراوە".
لەبارە ئەوەی بەشێك لە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كردووە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "نەخێر ئێمە هۆڵی پەرلەمان بۆ شیعە چۆڵ ناكەین، نەك ئێمە نەچووینە دەرەوە، بەڵكوو بەشێك لە پەرلەمانتاری سوننەیش لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون، ئەوەیش مانای ئەوە نییە لەگەڵی بووینە، بەڵام قسەی خۆمان هەبوو لەو كۆبوونەوەیەدا، هەتا من پێم گوتن، ئەگەر وابێت حەشدی شەعبی بە یاسا پەسەند كرا، ئەوە ئامادەیشە بۆ ئەوەی سبەی دەوڵەتی عێراق بە فیدڕاڵی هەڵوەشایەوە و بوو بە دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی ئەوە سوپایەكە ئامادەیە".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار