٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیتەیی: كۆنتڕۆڵكردنی رێگای نێوان مووسڵ و ڕەققە، بە ھاوكاریی پێشمەرگە بووە

سەرچاوە: KDP.info

 

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال دەڵێت، كۆنتڕۆڵكردنی رێگای نێوان مووسڵ و ڕەققە بە ھاوكاری و پشتیوانیی ھێزی پێشمەرگە بووە، گەر نا حەشدی شەعبی نەیدەتوانی ئەو رێگایە كۆنترۆڵ بكات.

جێگری بەرپرسی میحوەری شنگال لیوا (ھاشم سیتەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕینی رێگای نێوان مووسڵ و رەققەی سووریا، بە پشتگیری و ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگە بووە، لەبەر ئەوەی ماوەی ساڵێكە ھێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی رزگار كردووە لە نزیك تەلەعفەر و تازە ئەو ھێزە عێراقی و حەشدی شەعبییە ھاتوونە و گەییشتوونەتەوە ھێزی پێشمەرگە، ئەوناوچەی ئەوانیش ئازادیان كردوون، بیابان بوون، بۆیە ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبووایە ئەستەم بوو حەشدی شەعبی بتوانێ ئەو رێگایە كۆنترۆڵ بكات".

(سیتەیی) گوتیشی، ھێزی پێشمەرگە ماوەی ساڵێك زیاترە ھەردوو رێگای سەرەكیی نێوان شنگال و تەلەعفەری كۆنتڕۆڵ كردووە، بەڵام لە ئێستادا دوای ھاتنی حەشدی شەعبی و بەیەكگەییشتنەوەیان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە، رێگاكە بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ كراوە و ئیدی داعش تەنیا لە رێگەی بیابان نەبێت ناتوانێت لە مووسڵەوە بچێتە سووریا یاخود بەپێچەوانەوە.

ئەوفەرماندەیە ڕوونیشی كردەوە: "لەسەر ئاستی سەركردایەتی ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە عێراقییەكان ھەیە، ئەگەرنا ئێمە ھیچ پەیوەندیمان لەگەڵ ئەواندا نیە و خەندەق لە نێوان ئێمە و ئەواندا لێدراوە" .

دەشڵێ: "ئێمە پشت بە ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی نابەستین، چونكە ئەزموونمان لەگەڵ ئەواندا ھەیە كە چەند جار ھێرشیان كردووەتە سەر زۆر شوێن و دواتر شكاون، بۆ یە ئێمە تەنیا پشت بە خۆمان دەبەستین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار