٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی یەکەی پاسەوانی دوو پێشنیاز دراونه‌ته‌ حكوومه‌ت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ھەموو کارەکانی نەھێشتی پاشەکەوتی مووچەی یەکەی پاسەوانی تەواو بووە و تەنھا ماوە جێبەجێ بکرێت. ده‌شڵێ، پێشنیازێکی دیکەیان خستووه‌تە ڕوو كه‌ ئەگەر حکوومەت توانای نییە پاشکەوت ھەڵبگرێت، بیانگەڕێننەوە بۆ دەوامی پێشووتریان.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان (نازم ھەرکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لیژنە لەبارەی مووچەی یەکەی پاسەوان دروست کرا و کاری خۆی تەواو کرد و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە؛ ئێمەش وەکو لیژنە پەیوەندیمان بە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لەسەر ئەو پرسە کردووە و بەدواداچوونی خۆمان کردووە. داوایشمان کردووە ئەو پرسە چارە بکرێت، چونکە دووساڵە لە شەڕدان و پاشەکەوتی مووچەکەشیان زۆرە.''

(نازم ھەرکی) گوتیشی، داوامان کردووە مووچەی یەکەی پاسەوانی ھاوشێوەی مووچەی پێشمەرگە بێت یاخود ئەگەر حکوومەتیش ئیمکانیاتی نییە، با یەکەی پاسەوانی بگوازنەوە بۆ شوێنی خۆیان، یانی پێشووتر لە كوێ دەوامیان دەکرد ببرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ، چونکە خۆش نییە ھەردووکیان ھاوسەنگەر بن و جیاوازی لە مووچەکانیاندا ھەبێ.

(ھەرکی) ئاماژه‌یشی دا، ئه‌وان لە ھەوڵدانیان بەردەوامن و کاری زۆریان بۆ ئەو مەبەستە کردووە، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ ''یەکێک لە دوو پێشنیازه‌كه‌ی ئێمە جێبەجێ بکرێت مووچەیان زیاد بکرێت یاخود بگەڕێنەوە بۆ شوێنی پێشووی خۆیان کە دەوامیان لێی دەکرد.''

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار