وەزیری شارەوانی: دەمانەوێت پشت به خۆمان ببەستین.. هەفتەی داهاتوو دەست بە جێبەجێكردنی دەكەین

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە وۆركشۆپێكی ئەنجام دا بە مەبەستی كەمكردنەوەی خەرجی و رێكخستنەوەی داهات و میلاكات، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت، بەراورد بە ساڵی پار، بڕی ١٠٠ ملیۆن دیناریان لە خەرجییەكان كەم كردووەتەوە و، لە هەفتەی داهاتوودا بەرنامەكەیان دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
(نەورۆز مەولوود) ڕایگهیاند: "دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی چاكسازیی راگەیاند، ئێمەیش وەكو وەزارەت هەندێك هەنگاومان نا وەكو رێكخستنەوەی میلاكات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و رێكستنەوەی داهات، بۆ ئەو مەبەستەیش كۆمپانیایەكی بیانی هاوكارمان بوو لە دانانی ئەو بەرنامەیە كە ماوەی ١٠ هەفتەی خایاند."
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزار، دوای تەواوبوونی بەرنامەكەی، پێویستی بە وەرگرتنی بۆچوونی كەسانی شارەزا هەیە و بۆ ئەو مەبەستەیش لە وۆڕكشۆپێكدا ئامادەكارییەكانی ئەو بەرنامەیە تاوتوو دەكەن، لەو بارەیەیشەوە (نەورۆز مەولوود) گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجامدانی وۆركشۆپێكی ئامادەكارییە بۆ خۆئامادەكردن و خۆڕێكخستنەوە لە بواری میلاكات و هەیكەلییەت و خەرجییەكان و داهاتەكان و یاسا و رێنماییەكان بە تایبەت ئەوانەی كە پێچەوانەن لەگەڵ شوێنەكانی دیكە، بۆیە ئەمانە هەموویان پێویستیان بە رێكخستنەوە هەیە و هەفتەی داهاتوویش دەست بە جێبەجێكردنی بەرنامەكەمان دەكەین".
(نهورۆز) گوتیشی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە، بۆ خۆمان خۆمان بەخێو بكەین، چونكە لە هەموو دنیادا شارەوانی خۆی بەخێو دەكات و داهاتیش دەدات بە حكوومەت، بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین بە پێچەوانەوەیە و دەمانەوێت رێكی بخەین."
لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی: "ئێمە هەنگاومان ناوە و بەپێی توانای خۆمان توانیومانە خەرجییەكان كەم بكەینەوە و داهات رێك بخەین، بەڵام پێویستمان بەوە هەیە هێشتا ئەو بابەتە قووڵتر بكەینەوە و رۆڵی وەزارەت چاودێری بێت و بتوانین بەردەوامی تێدا هەبێت و نەكەوینە ژێر هەڕەشەی نەبوونی بوودجە و خۆمان خاوەنی داهاتی خۆمان بین".
(نەورۆز مەولوود) زیاتر گوتی: "بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، داهەتەكانمان زۆر زیادیان كردووە، بەڵام لەسەر حسابی خەڵكی هەژار نا، بەڵكو لەسەر حسابی ئەو كەسانەیە كە سوود لە زەوییەكان و خزمەتگوزارییەكانمان وەردەگرن، لە هەمان كاتدا خەرجییەكانیشمان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، بڕی ١٠٠ ملیار دینار كەم كردووەتەوە، بێگومان ئەوەیش هەنگاوێكی سەركەوتووە".
فایزە كۆیی




