ئایدن مەعرووف: چوونی حەشدی شەعبی بۆ ناو تەلەعفەر، جێگای مەترسییە

تەلەعفەر-KDP.info- حەشدی شەعبی لە ئێستادا گەییشتووەتە دەوروبەری تەلەعفەر، نوێنەرێكی توركمانەكانیش لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات لە چوونی ئەوان بۆ ناو تەلەعفەر، چونكە بە مەترسییان دەزانێت بۆ سەر توركمان و داهاتووی ئەو ناوچانە.
(ئایدن مەعرووف) نوێنەری بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە لە سەرتاوە پێمان خۆش نەبووە حەشدی شەعبی لە میحوەری تەلەعفەر بەشداری بكات، چونكە كێشە بۆ توركمانەكان دروست دەكات و ئامانجی سیاسیی لە پشتەوە هەیە، بۆیە داوامان كردبوو كە هێزەكانی دیكەی عێراق بەشدار بن".
(مەعرووف) گوتیشی، كە ئەو هێزە بچنە ناو تەلەعفەر، مەترسی هەم لەسەر توركمانەكان و هەمیش لەسەر داهاتووی ئەو ناوچانە هەیە، چونكە ئەو هێزە لە ژێر كاریگەریی تایفی و مەرجەعەكانی شیعەكاندایە .
نوێنەری بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ، تەنیا لە سنووری تەلەعفەر زیاتر لە ٥٠هەزار هاووڵاتیی توركمان ئاوارە بوونە و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، بۆیە مەترسی لەسەر گەڕانەوەی ئەوان دەبێت.
راشیگەیاند: "جێگەی پرسیارە، بۆ حەشدی شەعبی تەنیا لە سنووری تەلەعفەر بەشداری لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا كردووە، بۆیە ئێمە پێشبینیی ئەوە دەكەین شتی خراپ لە داهاتوودا لەو ناوچانە ڕوو بدات" .
بڵند ئیبراهیم




