ئەردۆغان: لە داهاتوودا توركیا لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاریی ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەکات

ئانکارا-KDP.info- لە دیداری نێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا، رەوشی ناوچەکە تاوتوو کرا و، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند لە قۆناغەكانی داهاتوودا توركیا دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاریی ناوچەكە بەگشتیی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بكات.
هەر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ توركیا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣-١١-٢٠١٦ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، سەردانی شاری ئیستانبولیان كرد و لەلایەن (ڕەجەب تەیب) ئەردۆغان سەركۆماری توركیاوە پێشوازی كران.
لە كۆبوونەوەیەكدا سەرەتا (ئەردۆغان) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و دیداری لەگەڵ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دواتر بە درێژی باسیان لە پێشهات و گرفتەكانی ناوچەكە كرد و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هەردوولادا هەبێت و هەرێمی كوردستان لە گەڕاندنەوەی ئەمن ئاسایش بۆ ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و پارستنی پێكهاتەكانی ناوچەكە، ڕۆڵی كاریگەر ببینێت.
سەركۆماری توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی هاوكاریی تەواوی پێكهاتەكانی ناوچەكە بە بێ جیاوازی و پاراستنیان لە هەڕەشەی تیرۆر بكات و لەمبارەیەشەوە هەماهەنگیی لە نێوان توركیا و عێراق دورست ببێت. ئاماژەی بەوەش دا كە لە قۆناغەكانی داهاتوودا توركیا دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاریی ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بكات.
تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی عێراق و سوریا و ناوچەكە بەگشتی، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكەبوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە بەیەكەوە هاوكاربن بۆئەوەی داهاتووی خۆیان دوور لە توندوتیژی و تائیفەگەری دروست بكەن و وڵاتەكەیان ئاوەدان بكەنەوە و یەكڕیزی خۆیان بپارێزن و ئاسایش و ئاسوودەیی لە ناوچەكانیان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
هەروەها هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە چەند بابەتێكی پەیوەست بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان ئاڵوگۆڕ كرد و جەختیان لەسەر تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكان كردەوە.




