حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیرۆركردنی د. هۆشیار ئیدانە دەكات

ههولێر-KDP.info- لە پەیامێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیرۆركردنی )د. هۆشیار ئیسماعیل( ئیدانە دەكات و جەخت دەكاتەوە, كە دەزگا پەیوەندیدارەكان راسپێردراون بەزووترین كات تاوانباران دەستگیر بكەن و ڕادەستی یاسایان بكەن. ئەمە دەقی پەیامەكەیە:
تیرۆركردنی د. هۆشیار ئیسماعیل كەسایەتیی ئاینیی و وتارخوێنی مزگەوتی عومەر بندیان لە شاری هەولێر ئیدانە دەكەین كە شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە لە ماڵەكەیدا بریندار كرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم تاوانە بە كارێكی ترسنۆكانە دەزانێت كە مەبەست لێی درزخستنە نێو كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستانە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا سەرەخۆشی لە خۆی و كەس و كاری د. هۆشیار ئیسماعیل و هاوڕێ و هاوەڵانی دەكات، هەروەها داوا لە یەزدانی مەزن دەكات سەبر و ئارامی بە كەسوكاری ببەخشێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە بە زووترین كات تاوانبارانی ئەو كارە قێزەونە بدۆزنەوە و ڕادەستی یاسایان بكات تاكو بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان
23-11-2016




