وەزیری پەروەردە ڕەخنەی لە مێدیاکان گرت؛ بایەخ بە بواری پەروەردە نادەن

ههولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسی زانستیی پەروەردەییدا دەڵێـت، ململانێی سیاسی کاریگەری نەرێنی ھەبووە لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە کوردستان و، ڕەخنەیشی لە مێدیاکان گرت بەوەی کە بایەخ بە بەرنامەی پەروەردەیی نادەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی پڕۆگرامەکان ڕایگەیاند: "کۆڵەگەی سەرەکیی خوێندن پڕۆگرامەکانە کە وەزارەت بە گرینگییەوە لێی دەڕوانێت، ھیوادارم پڕۆگرامەکان کاری جیددی بکەن لەسەر نەھێشتنی کەموکوڕییەکانی زمان و کەمترین گرفتی زمانی لە پڕۆگرامەکان بھێڵدرێتەوە.. پەرتووکەکانی خوێندن ڕەھەندی کۆمەڵایەتیی جیددی و باشی تێدایە، بەڵام دووبارە دەبێت کاری جیددی لەسەر پرسی کۆمەڵایەتی بکرێت، چونکە ئێمە لەگەڵ زانستدا پێویستی سەرەکیمان پەروەردەکردنی دروستە."
(پشتیوان سادق) گوتیشی: "بەداخەوە ململانێی سیاسی کاریگەریی نەرێنی ھەبووە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ھەستی نیشتمانی و ئینتیما گەورەتر و فراوانترە، ھیوادارم بەڕێوەبەرەکان ڕۆژانە کاری خۆیان بۆ پرسی پەروەدە و فێرکردن تەرخان بکەن و خۆیان زۆر بە کاری کارگێڕییەوە سەرقاڵ نەکەن و بایەخ بە پڕۆگرامەکان بدەن."
لە وتارەکەیدا وەزیری پەروەردە ڕۆڵی ڕاگەیاندنی بە گرنگ زانی لە بواری پەروەردەدا و داوای لێ کردن بایەخی زیاتر بە پەروەردە بدەن، ڕەخنەیشی لە ڕۆڵی مێدیا و مێدیاکاران گرت و ڕاگەیاند، "ڕاگەیاندن ئامادەیە بە سەعات بایەخ بە مناقشەی بێسوود بدات، بەڵام ئامادە نییە لە مانگێکدا دوو سەعات بایەخ بە پەروەردە بدات."
وەزیری پەروەردە بە پێویستیشی زانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەیوەندی بەردەوام بن و ھەماھەنگییان لە ھەموو ئاستەکاندا ڕەنگ بداتەوە و دەڵێت، ئەو کەسەی ئەمڕۆ قوتابی بێت لە قوتابخانەکان، سبەی لە زانکۆکانە و ئەو کەسەی لە زانکۆکانە سبەی دەبێتەوە مامۆستا لە وەزارەتی پەروەردە.
هاوکات ڕۆڵی یەکێتیی مامۆستایانی بە گرینگ ناو برد و ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتریدا بە پێویست زانی. ھیوایشی خواست یونیسێف و یونسکۆ بەردەوام بن لە ھاوکاریکردنی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا.
فایزە کۆیی




