هاوكارییەكانی دەزگای بارزانی بۆ ئاواران بەردەوامە

ھەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند رێكخراوێكی مرۆیی، هاوكاریی خۆراكی و كەلوپەلی ناوماڵی بەسەر هەزاران خێزانەئاوارەی كەمپی خازر و حەسەن شام و دیبەگە و قەسرۆكدا دابەش كرد.
2 هەزار خێزانی ئاوارەی مووسڵ خۆراك و پێداویستیی ناوماڵیان پێ درا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی مرۆیی، هاوكاریی خۆراكی و كەلوپەلی ناوماڵەی 2000 خێزانی ئاوارەی لە كەمپی خازر و حەسەن شام لە سنووری پارێزگای مووسڵ كرد.
رۆژی 22/11/2016 لە درێژەی هاوكاریكردن و بەدەنگەوەچوونی پێداویستیی ئاوارەكان لە كەمپەكانی (حەسەن شام، خازر، زیلكان) دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە دوو ژەمەخواردنی گەرم بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەكات كە تازە ئاوارە بوونە و روویان لە كەمپەكان كردووە، لە لایەكی دیكە بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری عێراقی و مانگی سووری توركی و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە چەند هەڵمەتێكی جیادا چەندین پێداویستییان بەسەر ئاوارەكانی كەمپی خازردا دابەش كرد، لەوانە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر 1000 خێزان كە هەر خێزانێك 20 لیتر نەوتیان پێ درا، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی UNHCR جلوبەرگ و بەتانی و دۆشەك و حەسیر و پێداویستیی ناوماڵی بۆ 1000 خێزانی ئاوارەی كەمپەكانی خازر و حەسەن شامدا دابەش كرد.
شایانی باسە، كەمپی خازر و حەسەن شام ئەركی ئیداری و راپەڕاندنی ئیشوكاری ئاوارەكان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبرێن و زۆربەی كارە خێرخوازییەكانی رێكخراوە مرۆیی و خێرخوازییەكانی تر بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا ئەنجام دەدرێن.
لە قەسرۆك 558 خێزانی ئاوارە خۆراكی مانگانە وەردەگرن
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ پرۆگرامی جیهانیی خۆراك، بەشەخۆراكی مانگی 11ـی بەسەر 558 خێزانی ئاوارە لە شارەدێی قەسرۆك لە سنووری شارۆچكەی شێخان دابەش كرد.
رۆژی 22/11/2016 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوون و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان بۆ ئاوارەو پەنابەران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ پرۆگرامی جیهانی خۆراك WFP بەشەخۆراكی مانگانەیان بەسەر 558 خێزانی ئاوارە لە شارەدێی قەسرۆكی سەر بە شارۆچكەی شێخان دابەش كرد. كە هەر پارسێلێكی خۆراك پێك هاتبوو لە 70.3كلگم و بریتی بوو لە (خوێ، زەیت، پاقلە، نۆك، ساوار).
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ پرۆگرامی جیهانیی خۆراك بەپێی بەرنامەیەك مانگانە پارسێلی خۆراك وەك بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر خێزانە ئاوارەكان لە كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان دابەش دەكات.
لە كەمپەكانی دیبەگە 1426 خێزانی ئاوارە هاوكاری كران
لە كەمپەكانی دیبەگە، ژەمەخۆراكی گەرم و پێداویستیی ناوماڵە و پارسێلی خۆراك و پێداویستیی جۆراوجۆر بە هاوكاری ژمارەیەك رێكخراو پێشكەش بە 1749 خێزان و 2010 كەسی ئاوارەی مووسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری كرا.
رۆژی 22/11/2016 لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر پەنابەر و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، لە هەڵمەتێكدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لە كەمپی دیبەگە بەردەوامە لە دابینكردنی پەناگە و پێداویستییە سەرەكیەكانی ژیان و پێدانی دووژەمە ژەمەخۆراكی گەرم بەسەر 1500 كەسی ئاوارەی تازە هەڵهاتووی ژێر دەستی داعش.
لەلایەكی دیكە و لە هەڵمەتێكی تردا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەردوو رێكخراوی UNHCR و NRC بۆ وەرزی زستان سەتڵ و ئاو و پێداویستیی پاككەرەوە و خواردنی لەقوتوودراو و پێداویستیی ئافرەتان و بەتانی و دۆشەك سێت مەتبەخ و نەوتی سپی دابەشی سەر 1366 خێزان و 276 كەس دابەش كرد. هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و كەنیسەی دهۆك شیرو پێداویستیی منداڵان و چۆلە بەسەر 60 خێزان و 234 منداڵ دابەش كرا. لەلایەكی دیكە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ IRCS,WFP, و كۆمپانیای دارین و "فەرمو" دوو ژەمە خواردنی گەرمیان بەسەر 850 كەسی تازە ئاوارەی كەمپەكانی دیبەگەدا دابەش كرد.






