٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایەنەکان دەتوانن پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بکەنە نەخشەڕێگای چارەکردنی کێشەکان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێ، ئەگەر پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) بکرێتە نەخشە رێگایەک بۆ چارەکردنی کێشەکان، لایەنە سیاسییەکان دەتوانن ھەموو کێشە ناوخۆییەکان چارە بکەن. سەرۆكی فڕاكسیۆنی پێشكەوتنی توركمانیش لە پەرلەمانی كوردستاندا دەڵێ، لەم خولەی پەرلەماندا دەستەی سەرۆکایەتی بێلایەن نەبوو، بۆیە یەکڕاست پێویستە ئەم دەستەیە هەڵبوەشێتەوە.

 

چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ (د.ساڵح مەلاعومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ھەموو پەیامەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان حاڵەتی نەتەوەیییان تێدا بووە، بە شێوەیەک کە ترسی خستووەتە ناو دڵی ئەو کەسانەی لە دژی بەرژوەندییەکانی گەلی کورد بوون؛ بەتایبەت پەیامی ئەم جارە باشترین نەخشە رێگا دەبێت بۆ چارەکردنی کێشەکانی ناوخۆی ئەمڕۆی کوردستان، چونکە ڕاشکاوانە ئەمەی گوتووە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دابنیشن و گفتوگۆ بکەن، کەسێک دیاری بکەن تەنانەت بۆ سەرۆکی ھەرێم و ڕشكاویش بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئامادەیه‌ بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لێ بکات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م به‌ده‌نگه‌وه‌چوونه‌ دەگەڕێتەوە بۆ حیزبە سیاسییەکان کە چەند بڕوایان بەوە ھەیە لەبه‌ر بەرژه‌وەندیی نیشتیمانی دابنیشن و گفتوگۆ بکەن و کێشەکانیان چارە بکەن.''

 

(د.ساڵح مەلاعومەر) گوتیشی، گەر لایەنەکان بە ھەستی نیشتیمانپەروەری رەفتار بکەن، دەتوانن لەبه‌ر ڕۆشنایی ئەم پەیامە کێشەکان چارە بکەن، بەڵام گەر لە دەرەوەی بەرژه‌وەندیی نیشتیمانی بیر بکەنەوە و بکەونە ژیر کاریگەریی ھەندێک خەڵک کە لە بەغدا و ھەندێک وڵاتان دژایەتیی کورد دەکەن، ئیتر پێویستە رای گشتی لەوە تێبگات کە ئەوانە ھۆکاری کێشەن و (سەرۆک بارزانی) تاکە فاکتەرە بتوانێ کێشە ناوخۆییەکان چارە بکات.''

 

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ ئاماژەیشی دا، ''چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی شەڕی داعشدا تەماشا بکەین، لە ئاستی جیھانی سەلمێندراوە کە (سەرۆک بارزانی) چ پێگەیەکی ھەیە ئەمەش بەپێی لێدوانی زۆرینەی سەرکردەکانی جیھان کە ھەرێم چەندە سەرکەوتوو بووە لە شەڕی تیرۆردا، هه‌ڵبه‌ت ئەمە ھەمووی لەژێر فەرماندەیی (سەرۆک بارزانی) بووە''، گوتیشی، ''ئەگەر نیەتێکی نیشتیمانپەروەرانە ھەبێت دەتواندرێت لەژێر رۆشنایی ئەم پەیامەی (سەرۆک بارزانی) ھەموو کێشەکان چارە بکرێن.''

 

هەر پێوەست بە پەیامی (سەرۆک بارزانی)، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پێشكەوتنی توركمان لە پەرلەمانی كوردستاندا (مونا قەهوەچی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند، ''هەندێ لایەنی سیاسی بۆ دروستكردنی كێشە جەماوەر هان دەدن بێنە سەرجادە و دروشم بڵێنەوە، ئەمانە ئەو لایەنانەن کە لە پرۆسەی سیاسیدا شکستیان بردووە. ئەمانە نایانەوێ کێشەکان چارە بکرێن، بەردەوام بیانوو دەدۆزنەوە.''

 

(قەهوەچی) هاوكات به‌پێویستی ده‌زانێ گۆڕانكاری لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بكرێت، چونكە وه‌ك ئه‌و گوتی، لەم خۆلەی پەرلەماندا دەستەی سەرۆكایەتی بێلایەن نەبوو و نەیشیتوانی هاوسەنگیی پەرلەمان رابگرێت، لەبەر ئەوەش پێویستە لایەنەكان رێكکەون بۆ دەستنیشانكردنی دەستەیەكی دیكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و، دەست بە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكرێتەوە.''

 

قائید میرۆ- بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار