لهبارهی پەیامی سەرۆکهوه، حزب و سیاسییهكانیان دهڵێن: لەوە زیاتر چی؟ حزبەکان لەبەردەم بەرپرسیاریەتین
__2016_11_21_h18m1s40__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) پێوەست بە رەوشی ناوخۆی هەرێم بە ئەرێنی دەزانن، کەسایەتی سیاسیی کورد (د.مەحموود عوسمان)یش دەڵێ، حزبەکان دەبی لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن و رێک بکەون.. گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامییش دەڵێ، کاتی ئەوەیە حزبەکان بڕیار بدەن و زەمینە بۆ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان ساز بکرێت.
دوێنێ (سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکدا رایگەیاند: چارەی قەیرانی سیاسیی هەرێم بەمشێوەیە دەكرێت كە حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت، چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە، ناكرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها رایگهیاند، پێویسته حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێكبكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.
(د. مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، دەبوو لایەنەکان پێش پەیامەکەی (بارزانی) کۆ ببنەوە، چونکە لایەنەکان بەرپرسی ئەم گەلەن، نابێت بەم شێوەیە مامەڵە بکەن، ناکرێت هەموو پەیامەکانیان لە رێگای ڕاگەیاندنەوە بگەیەنن، ناکرێت لە تەلەڤزیۆنەکانەوە پەیامە سیاسییەکان بگەیەندرێت.
ئهو سیاسەتمەداره گوتیشی، ''با لایەنەکان پەیامەکەی (بارزانی) بەهەند وەربگرن و بەو بۆنەیەوە کۆ ببنەوە، هەر بۆچوونێکیان هەیە با بیڵێن، چونکە پەیامەکەی (بارزانی) وایە کە دەڵێت گۆڕانکاری لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بکرێت، حکوومەتی تازە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تازە، سەرۆکی هەرێمیش، لەوە زیاتر چی؟ بۆیە حزبەکان لەبەردەم بەرپرسیاریەتین، چییان دەوێت با بیکەن، ئەگەر پێیان ناکرێت، با ڕاشکاوانە بڵێن ناکرێت، گرینگ ئەوەیە بۆچوونیان هەرچییەکە، با ڕێک بکەون".
(عارف روشدی) كه راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانه، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند: پەیامى جەنابى سەروکى هەرێم سەبارەت بە بارودۆخى هەرێمى کوردستان، زۆر ڕاشکاوانە بوو، چیتر ناکرێت هێزە سیاسییەکان بە تایبەتى ئەوانەى سەرقاڵى ڕەخنەگرتن و گلەیین وەڵامى ئەرێنییان نەبێت.
(روشدی) دەڵێ، "پەیامێکى لێوان لێوى هەستى بەرپرسیارەتى و پەرۆشی بوو، نەخاسمە هەرێمەکەمان لە ناوچەیەکدایە کە چاوەروانى گوڕانکاریى گەوردە دەکات لە ئاست دووبارە داڕشتنەوەى جیۆگرافىی سیاسییەکەیەوە. پیویستە هەموو لایەنەکان دوور کەونەوە لە خواستى بەرتەسک و، بەرژەوەندیى باڵاى گەل و وڵات بەرز رابگرن".
هەر لەم بارەوە، (د.دینداری دۆسکی) ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە، رایگەیاندووە: ''پەیامەکەی (بارزانی) زۆر باش بوو بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی و داراییی هەرێی کوردستان، بۆیە دەبێت بە ئیجابی ئەم پەیامە وەربگیرێت، چونکە ئەوان گرفتیان لەسەر سەرۆکایەتیی هەرێمی و سەرۆکی حکوومەت هەبووە، (بارزانی)یش ڕاشکاوانە داوای گۆڕانکاری لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە دەکات، بۆیە گرینگە هەرسێ لایەن دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بکەن.''
(دۆسکی) ئاماژەیشی داوە: "حزبەکان لەبەردەم تەحەدادان، دەبێت میکانزمی کێشەکان بدۆزنەوە، ئێستا دوای پەیامەکەی (بارزانی) بۆچوونی کۆمەڵ و یەکگرتوو ئیجابی بووە، داوایان کردووە لە لایەنەکان گفتوگۆ دەست پێ بکەنەوە، چونکە ئەم دەستپێشخەرییە کلیکی کردنەوەی کێشەکانە، بۆیە من پێم وایە ئەمەی (بارزانی) کردوویەتی، دەرفەتە بۆ دەربازبوونی کێشەکان".
هەرلەم بارەوە، (عەبدوڵا وەرتی)، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوت: پەیامەکەی (بارزانی) بە ئەرێنی دەزانین، پێیمان وایە دەکرێت بکرێتە دەستپێکێكی باش بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکان، بەیەکەوە گفتوگۆ و دانوسان بکەن، گوتیشی: "ئەو پرسانەی (بارزانی) داوای چارەسەری کردوون هەمان ئەو پرسانەن کە بوونەتە گرفت لەبەردەم دۆخی سیاسیی کوردستان، بۆیە پێمان وایە دەبێت هێزە سیاسییەکان بەزووترین کات، بڕیاری خۆیان بدەن، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی گشتگیر بە بەشداریی سەرجەم هێزە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی رێگا چارەیەکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ یاسایی سەرۆکایەتیی هەرێم و پرسە هەڵواسراوەکان کە بوونەتە گرفتی گەورەی سیاسی.''
گوتیشی: "تارادهیەکی زۆر باش هێز و لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی خۆیان بە ئەرێنی بۆ پەیامەکە دەربڕیووە، بە باشی ئەو پەیامەیان هەڵسەنگاندووە کە ئەوەش زۆر باشە بۆ دەستپێکردوونەوەی گفتوگۆکان".
کارزان سەباح هەورامی




