نوێنەری مەسیحییەکان و ئێزدییەکان؛ پەیامی سەرۆک لە بەرژەوەندی خەڵک و داهاتووی هەرێمە

هەولێر-KDP.info- (شێخ شامۆ) دەڵێ، ئەوە جاری یەكەم نییە سەرۆكی هەرێم بانگەوازی لایەنە سیاسییەكان دەكات كە پێكەوە دانیشن و چارەسەری كێشەكان بكەن، بۆیە ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بە دوای پەیامەكەدا بێن كێشەكان چارە دەبن..لای خۆیشیەوە نوێنەری مەسحییەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا دەڵێ، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە بەرژەوەندی خەڵک و داهاتووی هەرێمی کوردستان بوو.
(شێخ شامۆ) نوێنەری ئێزدییەكان لە پەرلەمانی كوردستاندا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئەوە جاری یەكەم نییە سەرۆكی هەرێم بانگەوازی لایەنە سیاسییەكان دەكات كە پێكەوە دانیشن و چارەی كێشەكان بكەن، بۆ ئەو قۆناخەیش پەیامێكی زۆر باشە و لە كاتێكی زۆر باشدایە، كە ئێمە بەرەو كۆتایی دووركەوتنەوەی داعش دەچین لە هەرێمی كوردستان، ئێستا باری سەرۆكی هەرێم لەرووی سەربازیەوە سووك بووە، كاتێك كە دەڵێت، بۆ خۆ سەرۆكێكیش هەڵبژێرن ئەوەیە كە توانی داعش لە كوردستان دووربخاتەوە و سەركەوتنێكی گەورە بە دەست بهێنێت.
گوتیشی: ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بە دوای پەیامەكەدا بێن كێشەكان چارە دەبن، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی بەتایبەتی گۆڕان كە ئەوان ئەو كێشەیان دروست كردووە، دەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكان هەندێك شت قوربانی كوردستان بكەن و لەگەڵ سەرۆكی خۆدا بن، كە ئەمڕۆ هەموو جیهان شانازی بە (سەرۆك بارزانی) دەكات و ڕێز لە بیروبۆچوونەكانی دەگرن، لەگەڵ ئەوەی (سەرۆك بارزانی) باسی لە پۆستی خۆی كردووە، بەڵام بۆ ئەو قۆناخە لایەنە سیاسییەكان ناتوانن بەدیلی سەرۆك ببینن، ئێمەیش وەك پێكهاتەكان، بەتایبەتی كوردانی ئێزدی باوەڕیمان بە سەرۆكی هەرێم دێت، چونكە كاتێك باسی ئەو پۆستە دەكرێت مەترسی دەكەوێتە سەر پاشەڕۆژی ئێمە، ئەوەی بەسەری ئێمە هاتووە جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە".
لای خۆیشیەوە سەرۆكی فڕاكسیۆنی گردبوونهوهى كلدانى سریانى ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان (وهحیده یاقۆ هرمز)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، پەیامەکەی دوێنێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر ئەرێنی بوو، پەیامێک بوو لە بەرژەوەندی گشت خەڵکی کوردستان و داهاتووی هەرێمی کوردستان بوو، پێویستە لایەنە سیاسییەکان زۆر بە گرینگی و جیددییەوە بەدوای ئەم پەیامەدا بکەون، هەروەها دەرفەتە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن و کۆتایی بە کێشە سیاسییەکان بهێنن.
(وەحیدە یاقۆ) ئاماژەیشی دا کە ئەم پەیامە هەنگاوێکی گەورە دەبێ بۆ ئەوەی گشت لایەنە سیاسییەکان دابنیشن و دیاڵۆگ بکەن و هەنگاو بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بنێن، ئێستا مەترسی لەسەر هەموولایەکە، کاتەکە چارەنووسسازە و پێویستە ئەم پەیامە بکرێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کە کێشەکان چارە بکرێن.
نەشوان بەرزنجی-رابین شێروانی




