هاووڵاتیان: مهرامه سیاسییهكانی، پێگهی كۆمهڵایهتیی گۆرانیان لهق كرد
__2016_11_21_h17m4s2__HK.jpg)
سلێمانى-KDP.info- خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە لە رەفتارەکانی گۆڕان لە دەڤەرەکەیاندا نیگەرانن و تێگەیشتوون لەوەی کە گۆڕان دەیەوێ پشێوی بنێتهوه. وەک خەڵکی دەڵێن، گۆڕان ئێستا پێگەی کۆمەڵایەتییشی نەماوە چونکە خەڵکی پێ کۆ ناکرێتەوە بۆیە دەستی کردووە بە نانەوەی پشێوی لە ناوچەکەدا.
دەستی گۆڕان لە سلێمانی ئاشکرا بوو
خەڵکی کوردستان نیگەرانن لە رەفتاری سیاسیی گۆڕان لە سلێمانیدا کە لە پەنای خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی، هەوڵی تێکدەر لە سلێمانی دەدەن، هەروەک هاووڵاتی (هیوا ڕهسوول ئهحمهد) دانیشتووى شارۆچكهى ڕانیه، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، ''گۆڕان هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات و دەیەوێ لە پەنای خۆپیشاندانی مامۆستایاندا ئاڵۆزیی سیاسی لە سلێمانی دروست بکات، بەزووییش لەلایەن خەڵکی سلێمانییهوه گۆڕان وەڵامی وەرگرتووە کە بە دەم داواکارییهكهیانەوە نەچوون بۆ خۆپیشاندان، چونکە تەواو لە نیەتی گۆڕان گەیشتن کە ئەمانە دەیانەوێ یاری بە چارەنووسی خەڵکی شار بکەن.''
(هیوا) دەشڵێ، ''ئێمهی هاووڵاتی تێگەیشتین لەوەی کە خەڵکی رەسەن و تێکۆشەری سلێمانی و مامۆستایان گوتاری بشوێنهخوازانهی گۆڕانیان قهبووڵ نییە، دەستی گۆڕان لە سلێمانی ئاشکرا بوو، بۆیە خەڵکی شار رێگە نادەن گۆڕان لە پەنای چینوتوێژەکانی شاردا منداڵ بێنێتە سەر شەقام و هەرزەکار بێنێ بۆ رەفتاری ناشیاو، ئەمە وایکرد کە خەڵک بەزوویی نیەتی گۆڕان بخوێنێتەوە کە بۆ بەرژەوەندیی سلێمانی داواکاری نییە، بەڵکو بۆ تێکچوونی رەوشی ئارامی سلێمانی هەوڵ دەدات.
گۆڕان لە سلێمانیدا بەرهو هەڵوەرینی جەماوەر دەچێ
لە هەڵهبجە و سلێمانیدا مامۆستایان داوایان کرد کە دەستێک لەنێویاندا هەیە و نوێنەرایهتیی مامۆستایان ناكات، پێویستە ئەو دەستە تێكهڵ به گوتاری مامۆستایان نهبێ چونكه 'تێکدەرن'، (سەرهەنگ هەڵەبجەیی) دانیشتووی شاری هەڵەبجەیشه دەڵێ، ''بەزوویی ئەو دەستە لەنێو مامۆستایاندا ئاشکرا بوو، چونکە پەیامی مامۆستا بۆ مووچە و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری بوو، کەچی دەستێک هات و دروشمی نابەجێی دەگوت و خۆی تێکەڵ بە گوتاری مامۆستایان دەکرد، ئەمانەی رەفتاری نابەجێیان کرد و وتافی ناشرینیان لێ دەدا مامۆستا نەبوون، بهڵكه داوای ڕهوای مامۆستایانیان شێواند؛ دەستێکی سیاسی بوو لە ناوچەکەدا و ئەمانەیش باجەکە بە سەختی وەردەگرنەوە، چونکە مامۆستا و خەڵکی رۆشنبیر لەگەڵ ئەو جۆرە رەفتارە نابەجێیانەدا نین.''
هاوكات (کاروان کەلاری) لە گەرمیانەوە دەڵێ، ''ئەوەی لە سلێمانیدا دەگوزەرێ دەستێکی سیاسییە و دەیەوێ لە پەنای خۆپیشاندانی مامۆستایاندا هەوڵێکی تێکدەرانە لە شارەکەدا بدات. ئامانجی بزووتنهوهی گۆڕان بۆ ئەوەیە جڵەوی خۆپیشاندان بگرێتە دەست و بۆ مەرامی سیاسیی خۆی خەڵک بجووڵێنێ، بۆ ئەوەی بە بەغدا بڵێ، بەڵێ ئیمە لەگەڵتین و فەوزا دروست دەکەین و ناهێڵین کە خەڵک بگات بە ئاواتی خۆی کە سەربەخۆییە و، چاوەڕێی رۆژێکی پرشەنگدار بکات کە دەوڵەتی کوردستانە.''
کەلاری ئەوەیشی خستەڕوو، کە مامۆستایان وەڵامێکی توندی گۆڕانیان دایەوە کە ئەوان گوتاری گۆڕانیان قەبووڵ نییە، داواکاریی مامۆستا بریتییە لە مووچە و بارودۆخی ئابووری نەوەک دروشمی حزبی و سیاسی، ئێستا بۆ سلێمانی دەرکەوت کە گۆڕان لە پاشەکشەی سیاسیدایە و لە ڕووی پێگەی جەماوەرییە تادێ دەنگەکانی لە هەڵوەریندان و، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییش نەماوە، چونکە خەڵکی پێ کۆ ناکرێتەوە.
نهشوان بهرزنجى




