هه‌وڵ ده‌ده‌ن پاره بڕاوه‌كه‌ی فه‌رمانبه‌ران، بدرێت به هێزى پێشمه‌رگه

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كوردى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، له بودجه‌ى 2017ى عێراقدا دوو قه‌رز هاتووه بۆ وه‌زاره‌تى به‌رگرى و ته‌نها یه‌كێكیان باس له پشكى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ده‌كات، ده‌شڵێ، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌و 4.8 له‌سه‌ده‌ى كه له فه‌رمانبه‌رانى عێراق ساڵى 2017 ده‌بڕدرێ، به‌شى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمی لێ بدرێت به هێزى پێشمه‌رگه.
(نه‌جیبه نه‌جیب) ئەنــدامی كورد له لیژنه‌ى ئابوورى و وه‌به‌رهێنانى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند،"له‌بوودجه‌ى گشتى 2017ـى عیراقى فیدڕال زیاتر له 22 له‌سه‌دى بۆ وه‌زاره‌تى به‌رگرى و ناوخۆ ته‌رخان كراوه و دوو قه‌رزیش وه‌رگیراوه بۆ كڕینى چه‌ك، كه یه‌كێكیان له ئه‌مه‌ریكا به بڕى 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاره و پاره‌كه‌ى ساڵانه ده‌درێ، به‌شێكى له‌نێو بودجه‌ى 2017 دایه، له نێویشیدا پشكى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه وه‌كو ئه‌مه‌ریكا فه‌رزى كردووه له‌سه‌ر عیراق تێدا هه‌یه، به‌ڵام له قه‌رزى دووه‌مدا كه له وڵاتى چین و له‌گه‌ڵ دوو كۆمپانیاى چیندا به بڕى 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار كراوه، تێیدا ناوى سوپا و حه‌شدى شه‌عبى و ناوخۆ و به‌رگرى هاتووه و، پاره‌كه‌ش به‌شێوه‌ى قیستی ساڵانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ناوی هێزى پێشمه‌رگه تێیدا نه‌هاتووه، هه‌روابێته‌وه له خشته‌ى دابه‌شكردنى پاره‌كه‌ش له بودجه هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ك بۆ هێزى پیشمه‌رگه نه‌هاتووه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ى یاسادا نووسراوه ته‌رخانكردنى به‌شێك له بودجه‌ى هێزى وشكانى بۆ هێزى پێشمه‌رگه؛ ئینجا ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین نزیكى 2 ترلیۆن دینار بۆ حه‌شدى شه‌عبى دانراوه، بۆیه داوامان كردووه پشكى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ش به ژماره و رێژه له نێو بودجه‌ى 2017 ته‌رخان بكرێ، وا ئێستا كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشى: "جگه له‌و پاره‌ى كه له بودجه‌دا ته‌رخان كراوه بۆ به‌رگرى و ناوخۆ، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراقیش به رێژه‌ى 4.8 له‌سه‌د ده‌بڕدرێ كه نیوه‌ى بۆ حه‌شدى شه‌عبى و نیوه‌كه‌ى تریشی بۆ ئاواره‌كانه، به‌مه‌ش زیاتر له 22 له‌سه‌دىان به‌ر ده‌كه‌وێت."
(نه‌جیبه نه‌جیب) جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی كه، كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌پاره‌ى كه له فه‌رمانبه‌رانى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ده‌بڕدرێ و به رێژه‌ى 4.8ه، بدرێت به هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، چونكه هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ئه‌و ناوچانه ده‌پارێزێت."
نەشوان بەرزنجی




