٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بریفكانی: ١٦ گەڕەك ئازاد كراون.. شەڕی مووسڵ كۆڵان بەكۆڵان و ماڵ بەماڵە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، تاوەكو ئێستا لە مووسڵ ١٦ گەڕەك ئازاد كراون و رەنگە شەڕەكەیش درێژە بكێشێت، چونكە شەڕی كۆڵان بەكۆڵان و ماڵ بەماڵە.

(ھاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ ھێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی ئەركی خۆی جێبەجێ كردووە و لە ئێستادا ھێزە عێراقییەكانیش پێشرەوی زۆر باشیان كردووە و لە ھەموو لایەكەوە چوونەتە ناو مووسڵ، لە ئێستایشدا شەڕەكە لەناو گەڕەكەكانی مووسڵدایە".

(بریفكانی) گوتیشی: "لە ئێستادا بەپێی دوایین زانیاری ئێمە كە لە مووسڵ و ھێزە عێراقییەكانەوە دەستمان كەوتووە، ١٦گەڕەك لە مووسڵ رزگار كراون، بەڵام ماوەی سێ رۆژە پێشڕەوییەكان وەكو پێویست نین، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا شەڕەكە كۆڵان بەكۆڵان و ماڵ بەماڵە و داعش خانووەكانی كون كون كردووە، بۆیە شەڕەكە زۆر سەختە و نەتواندراوە وەكو پێویست پێشڕەوی بكەن".

جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش وبەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا ھێزە عێراقییەكان لەناو مووسڵ گەییشتوونەتە گەڕەكی نوور و ئەگەر بگەنە جووتسایدی پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل و گەڕەكی موسەننا، ئەوكات لای چەپی مووسڵ بە تەواوەتی رزگار دەكرێت.

دیشڵێت، بە ھۆی ئەوەی پێشڕەوییەكان وەكو پێشوو نین، گەر بەم شێوەیە بێت شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ درێژە دەكێشێت، چونكە مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و لە ١٧٣گەڕەك پێكدێت و تەنیا ١٦گەڕەكی ئێستا ئازاد كراون.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار