٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

به‌ فەرمی داوا كراوه‌ مووچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركووك بخرێتە سەر پەروەردەی عێراق

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، هەنگاومان بۆ دابینكردنی مووچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردیی كەركووك لەگەڵ عێراق ناوه‌ و دەشڵێ، بە هۆی قەیرانی داراییی عێراقەوە ناتوانرێ قوتابیان بۆ ئەمساڵ رەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێن كە پشكی هەرێمیشی تێدایە.

(سیروان سیرینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كەركووك، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەدەی كەركووكمان كردووە و داعش زیانی بە پەروەردە گەیاندبوو بە تایبەتی لە بەشی كوردیی پەروەردەی كەركووك، لەكاتی سەردانەكەدا پەروەردەی كەركووك داوای ئەوەیان دەكرد، بە هۆی قەیرانی داراییەوە ژمارەیەكی بەرچاو مامۆستای بەشی كوردی مووچەكانیان وەك فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوا دەكەوێت و ژمارەیان نزیكەی هەشتهەزار مامۆستا دەبێت".

(سیرینی) گوتیشی: "لە كاتی گەڕانەوەمان بە نووسراوی فەرمی داوامان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی پەروەردە كردووە، مووچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی بخرێتە سەر پەروەردەی عێراق، چونكە ئەو مامۆستایانە مافی یاساییی خۆیانە لەگەڵ مامۆستایانی دیكەی عێراق مووچە لە كاتی خۆیدا وەربگرن، هیوادارین ئەوانیش رەزامەند بن بۆ ئەوەی مافی مامۆستایانی كەركووك نەفەوتێت، لەبارەی ئەو هەنگاوەیشەوە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پشتگیریی كردووین و هاوكاریش بوونە".

لەبارەی ناردنی قوتابیانی عێراق كە پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە بۆ دەرەوە سەرۆكی لیژنەی پەروەردە گوتی: "بە هۆی قەیرانی داراییەوە كە عێراقیشی گرتووەتەوە، زەحمەتە ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بتوانێ قوتابیان بۆ خوێندن رەوانەی دەرەوە بكات".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار