٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئایدن مەعرووف: توركمان كراونه‌ ئامانج.. ئەجێندای سیاسی لە پشتە

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، پێشڕەوییەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەی تەلەعفەر لە دەوروبەری مووسڵ بەردەوامی هەیە و، نوێنەرێكی توركمانیش دەڵێ، میلیشیاتی حەشدی شەعبی هاووڵاتیانی سڤیل بۆردوومان دەكات و ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیلی توركمانیش بوونەتە قوربانی.

(ئایدن مەعرووف)، سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئۆپەڕاسیۆنی میلیشیاتی حەشدی شەعبی و عەسائیب ئەهلولحەق بۆ سەر ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ و شارۆچكەی تەلەعفەر ئەجێندای سیاسی لە پشتە بۆ پارچەكردنی گەلی توركمان، هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر تەلەعفەر خۆی لە خۆیدا كێشەیە، چونكە پێشتر حكوومەتی عێراق رەتی كردبووەوە حەشدی شیعی بچێتە نێو تەلەعفەر، ئێستا كە میلیشیاتەكان نزیك بوونەتەوە لە تەلەعفەر، مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر هاووڵاتیانی ناوچەكە دروست بووە".

نوێنەرەكەی توركومان دەشڵێ، پێویست بوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر سوپای عێراق و هێزەكانی دیكە پێشڕەوییان بكردایە نەك میلیشیاتی شیعی، چونكە میلیشیات ئەجێندایەكی سیاسی جێبەجێ دەكات و مەرامی خۆی هەیە، هەر دوو رۆژ بەر لە ئێستا میلیشیاتەكان ناوچەی محەلبیان بۆردوومان كردووە و ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی".

(مەعرووف) ئەوەیشی خستە ڕوو: "توركمانەكانی دەوروبەری مووسڵ بوونەتە قوربانیی نێوان شیعە و داعش، هەریەكەیان بۆخۆیان بەكار دێنێ و هاووڵاتیانی توركمان دەبنە قوربانی، ئێمە لەگەڵ ئەوەین ناوچەكە پاك بكرێتەوە لە تیرۆریستانی داعش، بەڵام بەو شێوەیەی ئێستا نەبێت توركمان بكرێنە ئامانج و، دەبێت جیاوازی لە نێوان چەكدارانی داعش و هاووڵاتیانی سڤیلی ناوچەكە بكرێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار