ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، شەش بەڕێوەبەری شارەدێ پەسەند دەكات

هەولێر-kdp.info- ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ دەبێتەوە و، تێیدا دەنگ لەبارەی شەش بەڕێوەبەری شارەدێوە دەدات.
(كەنعان خەیلانی) سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەبارەی كاندیدانی بەڕێوەبەری شارەدێكانی سیدەكان، قەسرێ، حاجی ئۆمەران، كەورگۆسك، سمیلان و هەریر دەدات".
(خەیلانی) گوتیشی: "ناوەكان لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی پارێزگا كراون و ئێمەیش ئەمڕۆ دەنگیان لەبارەوە دەدەین".
هەر لەو بارەیەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی زەرد (سەوری عیسمەت)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕایگەیاند :"ئەمڕۆ سێشەممە كاتژمێر 10ـی بەیانی كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (42)ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت و بەرنامەی كاری دانیشتنەكەیش دەنگدان دەبێت لەسەر شەش بەڕێوەبەری شارەدێ لە سنووری پارێزگای هەولێر".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند:"لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە شەش كاندید بۆ پۆستی بەڕێوەبەری شەش شارەدێ دەستنیشان كراون كە پۆستە ئیدارییەكان بەم شێوەیە دەخرێنە دەنگدانەوە، (ئیحسان عەبدولقادر چەلەبی) بۆ بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان پێشنیاز كراوە، (شاخەوان حوسێن حاجی) بۆ بەڕێوەبەری شارەدێی قەسرێ، هەروەها (فەیسەڵ حوسێن عەوڵا) بۆ بەڕێوەبەری شارەدێی سمیلان پێشنیاز كراوە، لەگەڵ (فەرزەند ئەحمەد لاوكە شێخ ئاغا) بۆ بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران و (سایب هاروون ڕەشید) بۆ شارەدێی كەورگۆسك و (حامد ئیسماعیل محمد ئەمین) بۆ شارەدێی هەریر پێشنیاز كراوە".
(عیسمەت) زیاتر گوتیشی، لەنێو كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆدا، چەند بابەتێكی تریش باسیان لێوە دەكرێت.
بڵند ئیبراهیم - نەشوان بەرزنجی




