٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، لایەنگیریی تیرۆریستانی کردووە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-لیژنەی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لە ئەنجوومەنی وزیرانی کوردستاندا، لە وەڵامی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤدا رایدەگەیەنێ، ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ، بێئینسافی بەرانبەر بە پێشمەرگە و، لایەنگیریی تیرۆریستانی تێدایە.

 

دەقی وەڵامی لیژنەی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لە ئەنجوومەنی وزیرانی کوردستان:

یەكەم: بە داخەوە ڕاپۆرتەكە زانیاری و ئەنجامگیری و لێكدانەوەی نادروست و لایەنگیری و حوكمی پێشوەختەشی تێدایە و، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ واقعدا ناگونجێت.

 

دووەم: تایتێڵ و ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە لە شوێن خۆی نییە و جێگەی سەرسووڕمانی ئێمەیە. ئەگەر سیاسەت و نەهجی هەرێمی كوردستان دژایەتیكردنی عەرەب بێت، ئەدی بۆچی ڕێگە دراوە ملیۆنێك و پێنجسەدهەزار ئاوارەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ ببن. پرسیار ئەوەیە، بۆچی لە ڕاپۆرتەكەیاندا باسی میوانداری و سینگفراوانیی خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر سەدانهەزار ئاوارەی عەرەب ناكرێت كە ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە؟.

 

سێیەم: ناكرێ ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ بە ڕاپۆرتی لەم جۆرە ببێ بە پارێزەری داعش و، زەمینە بۆ چاوپۆشیكردن لە تاوانی ئەو كەسانە ساز بكرێت كە دەستیان لەگەڵدا داعش هەبووە و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و كچ و ژنی ئێزدیانیان ڕفاندووە و كار بۆ بەخشینی داعشەكان بكرێت. پێشتر و ئێستا و لە ئایندەیشدا ئەوە سیاسەتی ئێمە بووە و دەبێ، كە ئەوەی لەگەڵ داعش بێت چارەنووسی داعشی دەبێت و ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ دژایەتیی تیرۆر و لەناوبردنی داعش و لایەنگران و هاوكارەكانیان ئەنجامی دەدەین.

 

چوارەم: تەحەددا دەكەین ئەگەر تەنانەت یەك حاڵەتیش هەبێ كە كەسێكی بێگوناح و مەدەنی بە ئەنقەست كوژرابێت، با ڕێكخراوەكە ئاماژەی پێ بكات و ئێمەیش ئامادەین بۆ هەموو ئیجرائاتێكی پێویست.

 

پێنجەم: لە ماوەی دووساڵی شەڕدا تەنانەت یەك شوێنی سڤیلیش لە لایەن پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان نەكراوەتە ئامانج. ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا كراوە خەڵكی لێ نەبووە و تەنیا مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش بووە.

 

شەشەم: لەبری ئەوەی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ پشت بەو كەسانە ببەستن كە زانیاریی هەڵە و چەواشەكارانەیان بۆ دەهێنن، با بڕۆن گوێ لە خەڵكی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بگرن بۆ ئەوەی بزانن مامەڵەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هاووڵاتیانی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بە چ شێوەیەك بووە. 

سەبارەت بە وێرانکردنی ئەم ناوچانەی کە لە راپۆرتەکاندا باس دەکرین و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە رەوشی ئەم ناوچانە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێکەوتی 4/4/2016 بڕیاریدا بە دامەرزاندنی (لیژنەی دەرخستنی راستییەکان) بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ناوەڕۆکی راپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و چەند لایەنێکی دیکە، کارەکانی سێ مانگی خایاند و لە میانەی کارەکانی لیژنەکە دەرکەوت کە خاپوورکردنی خانووەکان بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ مینڕێژکردنی خانوو و شەقامەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌، رووبەرووبوونەوەی نێوان هێزە ئەمنییەکان و داعش و بەکارهێنانی بەشێک لەو خانووانە وەک مۆڵگە لەلایەن داعشەوە بووە.

سەبارەت بە ناوچەی زوممار دەرکەوت کە وێرانکردن و خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناغ بوو، ئەوانیش: قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی زوممار لەلایەن داعش، قۆناغی بۆردوومانی، ئینجا قۆناغی ئازادکردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە، لە رۆژی 2/8/2014 ناوچەی زوممار و ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی کەوتنە ژێردەسەڵاتی داعش بۆیە سەنتەری زوممار بووە ئامانجی هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگای بۆمببارانکردن بە چەکی قورس وەک موشەک و هاوەن، چونکە لە زۆر لاوە لەلایەن هێزی پێشمەرگە دەورە درابوو، دوای ئازادکردنەوەی زوممار و دەوروبەری لە سەرەتادا نەتواندرا وەک پێویست کۆنتڕۆڵی نیگەرانی و توڕەیی خەڵکی بکەن بۆیە لە هەندێک شوێن کاولکاری روویداوە، هەروەها هەندێکی دیکەش بە هۆی کێشەی شەخسییەوە وێران کراون، بۆ نموونە وێرانکردنى خانووى هاووڵاتیانى سڤیل لە گوندى (خانى خەراب) ئەم خانووانە بە بوونی هاوسۆزی لەگەڵ داعش خراپ کراون.

تا ئێستا لە سەنتەری شاری زوممار زیاتر له هەزار خانوو تێکدران بە هۆکاری جیاجیا بەمشێوەیە: نزیکەی (330) خانووی کارمەندانی ئاسایش، کادرانی حزبی و پۆلیس و لەشکەری لەلایەن داعشەوە تێکدراون و هەموویان لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە، دەوروبەری (300) خانوو لە کاتی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش تێکدراون، (280) خانوو بە هۆی مینڕێژکردنیان دوای پاککردنەوەی تەقێندرانەوە.

زۆربەی ئەو شوێنانەی لە راپۆرتەکەدا باسیان لێوەکراوە کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس وەک گوندی حەمەد ئاغا (گوندى عەرەبنشینە) و یەکەم هێڵى تەماسە (120) خانووی بەهۆى شەڕ و پێکدادانه‌وه‌ لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و بۆردوومانى داعش لە 15/8/2014 خاپوور کراون، هەندێکیان لە ئەنجامی شەڕ بۆ نموونە گوندى (بەردییە) کە پێکهاتووە لە (1124) خانوو پێکهاتووە لەوانە (83) خانوو بە هۆى شەڕ خاپوور کراوە. 

سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەی زوممار تا ئێستا نزیکەى (2000) خێزان لە کورد و عەرەبی ناوچەکە لە مووسڵ و لە وڵاتى سووریا هاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون دواى وەرگرتنی ڕەزامەندیی دەزگا ئەمنییەکان و هێزى پێشمەرگە، هەروەها لە فەرمانگە حکوومییەکانى ناحییەى زوممار نزیکەی ١٣٨ هاووڵاتی عەرەب کار دەکەن ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە رێگری لە هاتوچۆی خەڵکەکە ناکرێت. بەشێک لە گوندەکان خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و تێوەگلاون و ناتوانن بگەڕێنەوە لەوانە گوندی (ئه‌سكى مووسڵ) کە نزیکەی (100) كه‌سیان چه‌كدارى داعشن، گوندى هزیمه‌ (40) كه‌سیان چه‌كدارى داعشن، گوندى تەل زه‌هه‌ب (20) كه‌سیان چه‌كدارى داعشن، هەروەها بەشێک لەو عه‌ره‌بانه‌ى كه‌ له‌ زوممار نیشته‌جێن له‌ كاتى ڕزگاركردنیدا له‌گه‌ڵ داعشدا ڕۆیشتن، بۆ نموونە دانیشتوانى گوندى (گركاڤڕ) نزیکەی (٩٨%)یان په‌یوه‌ندییان به‌ ڕیزه‌كانى داعشه‌وه‌ كردووه‌ و ئامادە نین بگەڕێنەوە، بەڵام ڕێگرییان لێ ناكرێت.

لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستیان کرد بە هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە شەقام، کۆڵانەکان، دوکان و بارەگا حکوومییەکان، بەداخەوە ژمارەیەک پێشمەرگە بوونە قوربانی لە کاتی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی، هەروەها ژمارەیەک خانووی پێکەوە گرێدراو تێکدران، هەروەها هەندێک لە گوندەکانی ناوچەکە وەک (خراب التبن و خراب العاشق) تێک نەدراون سەرەڕای ئەوەی شەڕی زۆر تێیاندا رووداوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێستا نزیکەی (٨٠ %) خاوەن دوکان و ئەوانەی لە بازاڕدا کار دەکەن لە سەنتەری شاری زوممار و  بەشێوەیەکی ئاسایی ژیانی رۆژانەی خۆیان دەکەن.

سەبارەت بە ناوچەی کەرکووک لە هەندێک راپۆرتەکان باس لە چەند گوندێکی دەڤەری کەرکووک کراوە گوایە بە بلدۆزەر تێکدراون بێ ئەوەی هیچ شەڕ و پێکدادانی تێدا روو بدات، وەک گوندەکانی (گوبیبە، ادریس خزعل، ادریس خباز، بای حسن، مکتب خالد، هندیەی کۆن، هندیەی نوێ و چەند گوندێکی دیکە)، بەڵام بەپێی قسەی خودی خەڵکی ناوچەکە بەشی هەرەزۆری وێرانکاریی خانووەکان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش و خۆحەشاردانی تیرۆریستانی داعش و بۆمبڕێژکردنی خانووەکانی لەلایەن داعشه‌وه‌ بووە و زیانێکی زۆریان بە گوندەکان گەیاندووە، تەنانەت لەو خانووانەی کە داعش تەقاندوونیەتەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. 

گوبیبە یەکێکە لەو گوندانەی کە زۆر باس لە تێکدانی دەکەن، ئەوەی راستی بێت گوندی (گوبیبە) بەر لە شەڕ پێکهاتبوو لە (٢٠٠) ماڵ، لە سەردەمی رژێمی سەددام حوسێن هەموویان (فدائی صدام) بوون و دوای رووخانی رژێمی سەددام پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی (القاعدە)ـەوە کرد و بارەگای سەرەکییان لەوێ بوو، ئێستایش خەڵکەکەی هاوکارییەکی زۆری داعش دەکەن و هەر لەو گوندەوە (٦٥) رۆکێتی کیمیاوییان هێنا بۆ ئەوەی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی بدەن. 

لەم گوندەوە خەڵکیان ئامادە کردووە و راهێنانیان پێکردوون سەبارەت بە چۆنیەتیی خۆتەقاندنەوە. بەشی هەرەزۆری خانووەکانی ئەم گوندە بە تەواوی رووخاون لە ئەنجامی شەڕ لەو گوندەدا و داعش خۆیان تێیدا حەشار دابوو. کۆمەڵێک بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبەردەستدایە کە چۆنیەتیی رووخانی خانووەکانی ئەم گوندە دەردەخات، بەڵام گوندی (بای حسن) سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی هاوسۆزی داعشن و هاوکارییان دەکەن، بەڵام خانووەکانیان تێکنەدراوە و چەند رێکخراوێک هاتن سەردانیان کرد هەرچەندە (٨) کەسی خۆکوژ خۆیان لەو گوندە حەشار دابوو، یەکێکیان ئەو تیرۆریسته‌ بوو کە تەقینەوەکەی (دبس)ی ئەنجام دا و لە دوای هێرشی داعش بەشێک لە خەڵکی گوندی (بای حسن) هاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەرێم و بەشێکی دیکەشیان خۆیان داعش بوون و ئێستا لە ریزەکانی داعشدا شەڕ دەکەن.

گوندی (ادریس خزعل) لە (٨٤) ماڵ پێکدێت و لە 1/2/2015 لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد کرا، یەکێکە لەو گوندانەی کە لە ئەنجامی شەڕەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە نزیکەی (٧٥%)ی ماڵەکان تێکدراون، گوندی (ادریس خباز) نزیکەی (١٢٠) خێزان دەبین و لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکەیان خەڵکی گوندەکە ماڵی خۆیان جێ هێشت و تەنیا چەند کەسێکی بەساڵداچوو لە گوندەکەدا مانەوە، دوای گەڕانەوە و ئەو شەڕەی کە روویدا لەو ناوچەیە (٧٠) خانوو تێکدران، ئەوانەی خانووەکانیان تێکنه‌دراوە هەموویان گەڕاونەتەوە، گوندی هندیەی نوێ هیچ خانوویەکی تێکنەدرا، بەڵام دوای ئەوەی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەکە، پێشمەرگە لەو گوندە جێگیر بوون بۆ ئەوەی بەرپەرچی هێرشەکانی داعش بدەنەوە و بەپێی قسەکانی خەڵکی گوندەکە هێزە ئەمنییەکان پێشێلکارییان لەم گوندەدا ئەنجام نەداوە، به‌ڵكه‌ داعش هەندێک خانووی تێکدابوو. ئێستا خەڵکی گوندی هندیەی کۆن گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و هیچ گرفتێکیان نییە.

بەشێکی دیکە لەو گوندانە ناوچەی شەڕن وەک (خالد) کە بەشی هەرە زۆری خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و بەشێکی خانووەکانیان تێکدراوە، چونکە لە ساڵی 2014 لە (وحدە و سعد) هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تر، شەڕێکی گەورە رووی دا و (٢٣) پێشمەرگە بە دیل گیراون، لە گوندی (تل الورد) شەڕێکی گەورە لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان لەو گوندە روویدا و تیرۆریستانی داعش تۆنێلێکیان هەڵکۆڵی بە درێژایی (١٨٠) مەتر لەژێر قوتابخانەیەکی گوندی (تل الورد) و مەبەستیان بوو لەژێر ئەم تۆنێلەوە بێن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، لە گوندەکانی (سمایلاوە و منصوریە) بڕێکی زۆر (TNT) و مین دەستی بەسەردا گیراوە تەنانەت لە هەندێک شوێن کارگەی درووستکردنی تەقەمەنییان هەبووە. لە گوندی (سید خلف) یەک ترێلە کە بە (TNT) بۆمبڕێژ کرا بەمەبەستی تەقاندنەوە دەستی بەسەردا گیرا، کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئامادە کرابوو.

 هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن هەندێک لەو گوندانە هیچ خەڵکی مەدەنی تێدا نەبوو و ئێستایش چۆڵن و خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە بێ ئەوەی تێک بدرێن، بۆ نموونە گوندی (مریەم بەگ) هیچی تێکنەدراوە، بەڵام ئێستا کەسی تێدا ناژی، هۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نزیکە لە هێڵی تەماس و دەکەوێتە ناوچەی نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و پرۆژەی ئاودێری کە بە (مشروع ری صدام) ناسراوە واتە لە پشت سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە و زۆر جار لەلایەن داعشەوە بە هاوەن بۆمبباران دەکرێ، بۆیە گەڕانەوەی خەڵکەکەی زۆر زەحمەتە، چونکە لەلایەک ژیانیان دەکەوێتە مەترسییه‌وه‌ لە لایەکی دیکەشەوە کار و ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە زەحمەتتر دەکەن، بە هەمان شێوە گوندی (نهروان) کە ئەویش دەکەوێتە هەمان ناوچەوە لە ئەنجامی شەڕدا وێران بووە و ئێستا کەسی تێدا ناژی.

هەروەها بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان زۆر جار هێزە ئەمنییەکان داوا لە خەڵکەکەی دەکەن چۆڵی بکەن، بۆ نموونە گوندی (مکتب خالد) بەشێکی خەڵکەکەی چوونەتە حەویجە یان هاتوونەتە کەرکووک و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە نێو داعش، لەم گوندەدا شەڕی قورس لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش رووی داوە. هەر لە گوندی (مکتب خالد)ــەوە تیرۆریستان (٤) ئۆتۆمبێلی بومبڕێژکراویان بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە نارد  هەر دواتر رۆژی 20/11/2015 لە رێگای ئەم گوندەوە هێرش کرایە سەر گوندی (تل الورد). لە جاری دووەمدا هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردەوە، نیو کاتژمێر بەر لە هێرشەکە هێزە ئەمنییەکان داوایان لە خەڵکی کرد گوندەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چونکە پێشمەرگە بۆردوومانی مۆڵگەکانی داعش دەکەن، جگە لەمە تیرۆریستانی داعش گشت خانووەکانیان وەک زنجیرەیەک بۆمبڕێژ کردبوو، هەروەها (٤-٥) ئۆتۆمبێلی مینڕێژکراویان تەقاندەوە کە بووە هۆی وێرانکردنی ژمارەیەکی زۆری خانووەکان.

لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ژمارەیەک لە گوندەکان هاوکاریی داعشیان کردووە و لە کاتی هێرشەکانیان پێشوازییان لێیان کردووە، لەوانە خەڵکی هەردوو گوندی (قوتان و قاشقایا) لەو دوو گوندە مەفرەزەکانی داعش چەندین جار هێرشیان کردووه‌تە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، ئەم دوو گوندەش لە بنەڕەتدا گوندی تەعریبکراون و خاوەنە رەسەنەکانی کورد و تورکمانن و ئێستا داوای زەوییەکانیان و قەرەبووکردنەوە دەکەن.

لە گوندی قوتان (68) خانوو هەبووە لەوانە (32) تێکدراوە و هۆکاری تێکدانەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشار دابوو و شەڕی پێشمەرگەیان کردووە و، ئەو خانووانە بەشێوەیەک ئامادە کرابوون کە قەنناسبەدەستەکانی داعش تێیاندا پێشمەرگەیان کردووه‌تە ئامانج، بۆیە لە کاتی شەڕدا خانووەکان دووچاری وێرانکردن بوونەتەوە بەهۆی بۆردوومانی سەربازییەوە. بۆیە ئێستا بەشێکی خەڵکەکەی لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون و بەشێکی دیکەشیان روویان لە شاری کەرکووک کردووە بۆ سەلامەتی خۆیان و، نەهێشتنی مەترسی لەسەر هێزەکان لە بەرەکانی جەنگ. سەبارەت بە گوندی (قاشقایا) هیچ خانوویەکی تێکنەدراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانەی چەکدارانی داعش هاتوونەتە نێو ئەو گوندەوە و بە زۆر هەوڵیان داوە خەڵکی گوندەکەیان بۆ مەرامی سەربازیی تایبەتی خۆیان بەکاریان هێناوە، بۆیە بۆ دەربازبوون لە کاریگەرییەکانی داعش لەسەریان بە رەزامەندیی خەڵکی گوندەکە خۆیان، گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکان و بەشێکیان لە نێو شاری کەرکووکن.

هەواڵی پەیوەندیدار