كرواتیا لە بواری گەشتوگوزاردا هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكات

هەولێر-KDP.info- لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ههرێمی کوردستان، باڵیۆزی نوێی کرواتیا لە عێراق رایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەپێی ئەو ئەزموونەی كە هەیەتی هاوكاریی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بكات، بەتایبەتی لە بواری كردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنان بۆ كارمەندانی بواری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 14-11-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (ئیڤان یۆریچ) باڵیۆزی نوێی كرواتیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا (یۆریچ) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاسایش و ئارامی و پێشكەوتنی هەرێمی بەرز نرخاند و، پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگە نیشان دا كە بوێرانە ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و بەرگرییان لە هەموو پێكهاتەكان بێ جیاوازی كردووە و، وڵاتەكەشیان بەپێی توانای خۆی هەوڵی داوە لەم شەڕەدا هاوكاریی پێشمەرگە بكات.
هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كرواتیای دووپات كردەوە و لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوە دا، كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەپێی ئەو ئەزموونەی كە هەیەتی هاوكاریی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بكات بەتایبەتی لە بواری كردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنان بۆ كارمەندانی بواری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ (ئیڤان یۆریچ) لە ئەرك و كاری نوێیدا خواست، هەروەها سوپاسی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتی كرواتیای كرد بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە باشترین پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری لەگەڵ كرواتیادا لە هەموو بوارەكاندا ببەستێت و، بەتایبەتی لە كەرتی گەشتوگوزاردا كە كرواتیا دەتوانێت هاوكارییەكی باشی هەرێمی كوردستان بكات؛ بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی كە شاندی تایبەتمەندی هەردوولا كۆ بوونەوە و گفتوگۆ ئەنجام بدەن.
تاوتووكردنی ڕەوشی ناوچەكە و دواپێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




