٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایه‌ن و حزبە کوردستانییەکان: خۆڕاده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ بەغدا، خیانەتی نیشتمانییه‌.. پێویسته‌ شه‌رم بیانگرێ.. داواكاران كرێگرته‌ی مۆدێرنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە وه‌ڵامی لێدوانەكەی دووه‌م جێگره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، سەركردەی حزبەكانی یەكێتی و پارتی و شیوعی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كه‌ نابێ بەرژەوەندی و ماف و دەستكەوتە نەتەوەییەكان بەهیچ بیانوویێك بخرێتە مەترسییەوە. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن، داوای خۆراده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ به‌غدا به‌ بیانووی دره‌نگكه‌وتنی مووچه‌وه‌، خیانه‌تی نیشتیمانییه‌.

(ئارام شێخ محەممەد) دووه‌م جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی گۆڕان دەڵێ، ئەگەر رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەرنەگرێ ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی عێراق و داوایش دەكات كە بەغدا وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق مامەڵە لە گەڵ هەرێم بكات، ئەمەش به‌ باوه‌ڕی چاودێران و سیاسییه‌كان یانی دابڕینی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ لە هەرێمی كوردستان.

پێویسته‌ شەرم بیانگرێ و رێگە نەدەن كێشەكانیان پەرە بستێنێت
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، ئاماژه‌ به‌ خه‌بات و قوربانییه‌كانی هێزی پێشمەرگە كه‌ لە سەنگەرەكانی بەرگریكردن لە ناوچە دابڕێندراوەكانی نیشتیمان دژ بە تیرۆریستانی داعش وەستاوە و، توانیویەتی لەم رەوشە نالەبارەدا ئەركەكانی خۆی بەوپەڕی سه‌ركه‌وتووییه‌وه‌ جێبەجێ بكات، كه‌ ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبووایە كوردستانیش وەكو مووسڵ و ناوچەكانی تری لێ دەهات، بە پێویستی ده‌زانێ لایەنە سیاسییەكانیش له‌ ئاساتی به‌رپرساره‌تیی قۆناغه‌كه‌دا بن و ڕایگه‌یاند ''پێویسته‌ شەرم بیانگرێ و رێگە نەدەن كێشەكانیان پەرە بستێنێت؛ دەبێ ململانێكانیان بە گفتوگۆ چارە بكەن و زیان بە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان نەگەیەنن."

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) كه‌ له‌گه‌ڵ باڵی ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتییه‌ دەیشڵێ: "لەم كاتەدا پاراستنی یەكریزیی نێوماڵی كورد زۆر زۆر پێویستە، چونكە ئێمە بە یەكێتی و یەكڕیزی دەتوانین دەستكەوتەكانمان بپارێزین و كوردستان بەرەو سەركەوتن و سەربەخۆیی بەرین، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبیندرێت شەرمەزارییە بۆ لایەنە سیاسییەكان، چونكە رۆڵەی كورد لەپێناو نیشتیمانەكەی شەهید دەبێ، بەڵام ئەوان ئامادە نین لەگەڵ یەكتردا كۆ ببنەوە و كێشەكان چارە بكەن."

زۆرێك له‌ چاودێر و ڕۆشنبیر و كه‌سایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی ئه‌م داوایه‌ی دووه‌م جێگر په‌رله‌مانه‌كه‌ی به‌غداوه‌ كه‌ له‌ حزبی گۆڕانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یان كرد و، پێیان وایه‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوێكه‌ له‌ لایه‌ن حزبی سیاسییه‌وه‌ بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و له‌ قینی كۆنیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ده‌بوو له‌ وادۆخێكدا كه‌ كوردستان پێیدا ره‌ت ده‌بێ، هۆكار بوونایه‌ بۆ ته‌بایی و یه‌كڕیزیی نێوماڵی كورد، نه‌ك به‌ دنه‌دانی چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵ به‌ تایبه‌ت له‌ ئێستادا مامۆستایان، خزمه‌ت به‌ نه‌یار بكه‌ن.

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) ئاماژەی دا: "هەر هەنگاوێك بۆ توندتركردنی ململانێكان بنرێت، زیان بە بەرژەوەندیی باڵای كوردستان دەگەیەنێت و كاریگەریی خراپی لەسەر داهاتووی ئەم هەرێمە دەبێت. خەڵكی كوردستان لەگەڵ ململانێ نییە و ئاشتی و پێكەوەژیان و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەكانی دەوێت."

ئه‌وانه‌ی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا ده‌كه‌ن، كرێگرتەیەكی مۆدێرنن
به‌ڵام هه‌رچی (عەلی حوسێن) ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانه‌ ده‌ڵێ، ئەم لێدوان و سیاسەتانەی (ئارام شێخ محەممەد) و هاوسۆزانی بۆ ئه‌وان نوێ نییە و ده‌ڵێ، ''زۆر كەسی تر لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورددا و بە تایبەت لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلووله‌وه‌ لە ساڵانی 1961ـەوە تا ئەمڕۆ ئەم شەكرەی (ئارام شێخ محەممەد)یان شكاندووە، بەڵام تەمەنی سیاسەتەكەیان زۆر كورتخایەن بووە و رووبەڕووی سزای میللەت بوونەتەوە؛ خەڵكی بە چاوێكی سوك و ناشرین سەیری لێدوان و هه‌وڵه‌كانی كردوون، ئاخر ئه‌م داوایه‌ گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەردەمانەی کە كورد قەبووڵ نەدەكرا.. كورد لە شۆڕش بوو خەڵكانێكیش دەچوونە باوەشی دوژمن و بە دوژمنیان دەگوت ئیوە راستن و نوینەری راستەقینەی كوردن."

(عەلی حوسێن) له‌ ڕێی ئه‌و لێدوانه‌یه‌دا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌پرسێ: "ئەوانەی كە ئەنفالكران و كیمیاباران كران، ئەوانەی زیندەبەچاڵ كران، ئەو 182 هەزار كوردەی بێسەروشوێن كران، ئەو 8 هەزار بارزانییەی كە تائێستا چارەنووسیان دیار نییە، ئەم 12 هەزار كوردە فەیلییەی بێسەروشوێن كران، كێشەی مووچەیان هەبوو؟ّ!، ئایا بەدرێژاییی شۆڕشی كورد گەلەكەمان كێشەی مووچەی هەبووە یان كێشەیەكی نەتەوەیی و سیاسی؟، خۆیشی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ ده‌ڵێ نه‌خێر.. كەوایە ئەوانەی ئەم جۆرە لێدوانانە دەدەن كرێگرتەیەكی مۆدێرنن."

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "گۆڕان لە سیاسەتدا فەشەلی هێناوە و بەرنامەكانیان بۆ خەڵكی كوردستان روون بووەتەوە و كۆتاییانە. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی گۆران و هاوسۆزانی داوای ده‌كه‌ن پەیامی حزب و خەڵكی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز بۆ خاك و نەتەوەكەی نییە. ئەم پەیامە لە لایەن خەڵكی كوردستان رەت كراوەیە، چونكە لەناو هەموو حزبێك و به‌ گۆڕانیشه‌وه‌ خەڵكێكی نیشتیمانپەروەر هەیە كە بەم وڵاتەوە ماندوو بووە و رێگا نادات سەركردەكەی ئەم سیاسەتە پێڕو بكات."

ئایا دەكرێ داوای گەڕانەوەی (سەددام حوسێن) بكرێ؟
هەر پێوه‌ست به‌م پرسه‌ كه‌ به‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی ده‌زانرێ، (هەندرێن ئەحمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان راگەیاند: "مافی نیشتیمانی و نەتەوەیی كە بە ساڵانێكی زۆر بەدەست هاتووە، ناكرێ هیچ هێزێك بەگوێرەی سیاسەتی خۆی لە قۆناغێكی دیاریكراودا مامەڵەی پێوە بكات، چونكە ئەمە مافی نەتەوەیەكە. داواكاری و مافەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران رەوان و مافی خۆیانە، بەڵام ناكرێ تێكەڵی هەندێك پرس بكرێت كە ململانێی هەرێمی لەسەرە و پرۆسەیەكی سیاسیی گەورەیە لە عێراقدا و بە دەستوور یەكلایی كراوەتەوە، كە ئەویش فیدراڵیەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە نابێ داواكاریی هاووڵاتیان بكرێتە ئامراز بۆ لەدەستدان و زیانگەیاندن بە دەستكەوتە نیشتیمانییەكان."

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعیی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "ئێمە پێمانوایە دەست بردن بۆ مافی نیشتیمانی و زەفەرپێبردنی و كەمكردنەوەی، پێچەوانەی ئیرادەی نیشتیمانییە، بۆیە نابێت هێزە سیاسییەكان بەپێی سیاسەت و میزاجی حزبیی خۆیان، مامەڵە بە دەستكەوتە نەتەوەییەكانه‌وه‌ بكەن و خوێن و هەوڵی سەدساڵەی كورد بەبا بدەن. هەڵەیەكی گەورەیە هەرهێزیكی سیاسی وا بیر بكاتەوە كه‌ دەكرێ یاری بە دەستكەوتی نیشتیمانییه‌وه‌ بكات و ئیرادەی سیاسیی هەرێم بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا."

(هەندرێن ئەحمەد) باوه‌ڕی وایه‌، خەڵكی هەرێمی كوردستان وا بە سانایی ناگەڕێتەوە بۆ ژێر دەستی بەغدا، ده‌یشڵێ ''دەبێ وای دابنێین كە ئایا دەكرێ خەڵكی لە سلێمانییەوە داوای گەڕانەوەی (سەددام حوسێن) و گەڕانەوە بۆ ژێردەستی بكات؟! خۆ بابەتەكە بەهەمان شێوەیە، بۆیە هەر داواكارییەكی پێچەوانەی مافی نیشتیمانی، نزیكبوونەوەیە لە خیانەتی نیشتیمانی."

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار