كردنەوەی دوو لقی بانكی ناوەندی لە ھەرێم، گەییشتووەتە قۆناغی كۆتایی
__2016_11_14_h14m53s30__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئابوری و وەبەرھێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، كردنەوەی دوو لقی بانكی ناوەندی لە ھەرێمی كوردستاندا، گەییشتووەتە قۆناغی كۆتایی و لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ كردنەوەی ئەو دوو لقە دەكرێت، بەمەیش كێشەی رەوانەكردنی پارەی نەقدی لە بەغدا بۆ ھەرێمی كوردستان چارە دەبێت.
(نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارێزگاری بانكی ناوەندی سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردووە و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی كۆ بووەتەوە و بڕیار دراوە كە دوو لقی بانكی ناوەندی لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی بكرێتەوە، كە ئەمەیش لە ڕووی دارایی و پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا زۆر باشە، چونكە جاری پێشوو بە ھۆی نەبوونی ئەو لقانەوە ٤٥ ڕۆژ پارەی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان دوا كەوت".
(نەجیب) گوتیشی، كردنەوەی ئەو دوو لقەی بانكی ناوەندی دیراسە كراوە و بڕیاریشی لەسەر دراوە، تەنیا ماوە دەست بە كرانەوەیان بكرێت، چونكە ھەموو قۆناغەكان تەواو بوونە و لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ كردنەوەی لقەكان دەكرێت".
ڕوونیشی كردەوە، ئەمە سوودێكی زۆری ئابووری دەبێت و كێشەی رەوانەكردنی سیولە و پارەی نەقدی لە بەغداوە كە یەكێكە لە كێشەكان، چارە دەكات و لەمەودوا پێویست بە رەوانەكردنی پارە ناكات كاتێك ئەو لقانە لە ھەرێمی كوردستاندا بكرێنەوە.
بە ھۆی ئەوەی لە ھەرێمی كوردستاندا بانكی ناوەندیی عێراق ھیچ لقێكی نییە، زۆر جار كێشە بۆ ھەرێمی كوردستان دروست دەبێت لە رەوانەكردنی پارەی و بۆ ماوەیەك دوا دەكەوێت، بەڵام لە ئێستادا بڕیار دراوە كە دوو لق لە ھەرێمی كوردستاندا بكرێنەوە و ئەو كێشەیە چارە بكرێت، كە بە رای ئابووریناسان ئەمە ھەنگاوێكی باشە و سوودی زۆری ئابووریی بۆ ھەرێمی كوردستان دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




