نەواف رەشید: پەیەدە وای كردووە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان خۆزگە بە رژێم بخوازن

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی ئەنەكەسە لە ھەولێر دەڵێت، كردەوەكانی پەیەدە دژی كورد و كوردستان و پڕۆژەی كوردییە، هەر بۆ ئەوەیش كار دەكەن تا خەڵك بۆ رژێمی سووریا پەشیمان ببنەوە و خۆزگە بۆ رژێم بخوازن.
(نەواف رەشید)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە لە دەستگیركردنی ئەندامانی ئێمە و ھەندێكیان ئازاد دەكات و ھەندێكی دیكە دەستگیر دەكات و زیندانەكانیان لە ئەندامانی ئێمە خاڵی نابن، بۆیە لە ئێستادا بە ھۆی سیاسەتی پەیەدەوە رۆژئاوای كوردستان چۆڵ دەبێت و خەڵك بە لێشاو ئاوارە دەبن".
(رەشید) گوتیشی، كردەوەكانی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان دژی كورد و كوردستان و پڕۆژەی كوردییە، بۆیە ئەو كارە دەكەن بۆ ئەوەی خەڵك بۆ رژێمی سووریا پەشیمان بێتەوە و لە ئێستادا خەڵك خۆزگە بە رژێم دەخوازێت نەك پەیەدە، كە ئەمەیش یەكێكە لە پیلانەكانی رژێمی سووریا دژ بە كورد .
دەشڵێ، پەیەدە ھیچ پڕۆژەیەكی نەتەوەیی نییە و ئەوان باس لەوە دەكەن ئێستا كاتی دەوڵەتی كوردستان نییە و كاتی برایەتییە، لە كاتێكدا ھیچ برایەتییەك لای ئەوانە بوونی نییە .
بەرپرسی ئۆفیسی ئەنەكەسە لە ھەولێر ڕوونیشی كردەوە، ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان جێبەجێ دەكرێت، پڕۆژەی پەكەكەیە و پەیەدەیش شاخێكە لە پەكەكە، چونكە ئەوانە لەمێژە پڕۆژەی ئەوەیان ھەیە كە رۆژئاوا بۆخۆیان ببەن و بە بەشێك لە خۆیانی دەزانن، كە ئەمەیش لای خەڵكی رۆژئاوای كوردستان قبووڵكراو نییە.
بڵند ئیبراھیم




