نوورەدینی: سەیره جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای نادەستووری ونایاسایی ههبێت

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، بەغدا بەپێی دەستووری عێراق ناتوانێَ بە شێوەی جیا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا بكات، بەڵام ئەوەی سەیروسەمەرەیە، ئەوەیە كە جێگری سەرۆكی پەرلەمان رای نایاسایی و نادەستووریی هەبێت.
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (عومەر نوورەدینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو بۆچوونەی باس لەوە دەكات بەغدا بە شێوەی جیا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمدا بكات، تەواو بۆچوونێكی نادەستوورییە، چونكە ئەمە ناكۆكە لەگەڵ دەستووری عێراقدا بە تایبەت ماددەی١١٧ لە بڕگەی یەكەم لە بەرواری پیادەكردنییەوە ددان بە هەرێمی كوردستاندا دەنێت وەك هەرێمێكی فیدراڵی و پایتەختەكەی هەولێرە و بۆی هەیە خاوەنی دەستووری خۆی بێت، بۆیە دەبینین مافی بەهەرێمبوون بۆ پارێزگاكانی هەرێم نییە، بەڵكو بۆ ئەو پارێزگایانەیە كە بەهەرێم نەبوون".
(نوورەدینی) گوتیشی: "جگە لەوە، یاسای پارێزگاكانی عێراق مەشمول نییە بە هەرێمی كوردستان، بەڵگەیش بۆ ئەوە هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە هەموو عێراق دەكرێت جگە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەوانەی باس لەوە دەكەن لە هەرێمەوە دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا، بۆچوونێكی نادەستوورییە.
(عومەر نوورەدینی) دەشڵێ، كێشەكە لەوەدایە كە رای نادەستووری ونایاسایی هیی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بێت كە ئەمە سەیروسەمەرەیە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ زیاتر گوتی: "ئەو پڕۆژەیە زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەیێنێت، چونكە ئەو كات هەر پارێزگایەك ڕوو لە بەغدا بكات، یەكگرتوویی و چالاكیی سیاسی و قانوونی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا نامێنێت و هەولێر وەكو پایتەختی سیاسی و دیپلۆماسی و سەروەریی هەرێم نامێنێت ئەگەر هەر پارێزگایەك ڕوو لە بەغدا بكات، ئەو بۆچوونەش لە ڕووی سیاسییەوە مەترسیدارە و لەبارەی یاسایی و دەستوورییەوە، تەواو پێچەوانەیە.
بڵند ئیبراهیم




