كەوڵۆسی: گەڕانەوە بۆ بەغدا، پڕۆژەیەكی ئیقلیمییە.. دەبێت كارتهكان بەكاربهێنین

هەولێر-KDP.info- نووسەرێك ئاماژە بە پڕۆژەیەكی ترسناكی هەرێمایەتی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات و ڕوونی دەكاتەوە، پیلانەكە سەرەتا لە بڕینی بوودجەوە دەستی پێ كرد تا منداڵێك لەسەر شەقام داوای گەڕانەوە بۆ بەغدا بكات، هەڵبەت راشیدەگەیەنێ، پێویستە حكوومەتی عێراق وەك قەرزی كوێت دەداتەوە، بە هەمان شێوە قەرزی هەرێمی كوردستان بداتەوە، بەوەی 95 ساڵە نەوتی كوردستان دەفرۆشێت و پشكی نەداوە.
(مەشخەڵ كەوڵۆسی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەموو مرۆڤایەتی ئەوە دەزانێت دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا، دەوڵەتی عێراق نەوتی كوردستانی بردووە بێ ئەوەی پرس بە هیچ دانیشتوویەكی هەرێمی كوردستان بكات و بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەكەی، لە یاسای هەموو وڵاتانی جیهاندا هاتووە، دانیشتووانی زەوی خاوەنی داهاتی سەرزەوی و ژێرزەویی خۆیانن، ئێستا ئێمە هەست بە پڕۆژەیەكی هەرێمایەتیی ترسناك دەكەین، بۆ دابڕاندنی سلێمانی لە هەولێر زۆر بە سادەیی پڕۆژەیەكی ترسناكە و سەرەتا لە ساڵی 2014 بە بڕینی مووچە دەستی پێ كرد، ئەوە زەمینەسازیی بۆ كراوە و هەنگاو بە هەنگاو كاری بۆكراوە تا بگاتە ئەوەی منداڵێك بێتە سەر شەقام داوا دەكات سلێمانی بچێتە سەر بەغدا، ئێستا بۆ ئەو باجەی داومانە پێویستە وریا بین، هەنگاوەكانمان بە شێوەیەكی دیراسەتبۆكراو و بە راوێژ لەگەڵ خەڵكی دڵسۆزی كورد بنێین، لە بەرانبەر ئەوەی بەغدا هەمیشە هەرێمی كوردستان تاوانبار دەكات كە نەوتی خۆی دەفرۆشێ، ئەمەیش جۆرێكە لە نەسەلماندنی ئەهەمیەتی كورد و جورێكە لە سەپاندنی ئیرادەی ناوخۆ بەسەر هەرێمی كوردستاندا".
ئەو نووسەرە دەڵێ: "پێویست بوو هەرێمی كوردستانیش لە سەرەتای 2014ـەوە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ هەر كارتێكی عێراق كارتێكی هەبووایە لە بەرانبەر ئەمە، ئێستا ئێمە گەییشتووینەتە خاڵی نەگەڕانەوە، ئەو بوودجەت بۆ نانێرێ هەتا تۆ چۆك دانەدەی، ئێمە پێویستمان بەوەیە لە ئاستی یاسایی و ئاستی دیكۆمێنتاری ببزوێین، ئەوە 95 ساڵە بەغدا نەوتی كورد دەبات كوا بەشی كورد لەو نەوتەی خۆی، عێراق نەوتی كوردی داوەتە چەك و كەرەستەی سەربازی و بەو چەكانە هەرێمی كوردستانی وێران كردووە، ئەمانە هەمووی كێشەی یاسایین، بەڵام دەبێت راگەیاندن بیانورووژێنێت".
(كەوڵۆسی) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغدا، پڕۆژەیەكی ئیقلیمییە و بۆ لەناوبردنی خەونی سەربەخۆیی كوردستانە، تا لە سەدەی بیستویەكدا كورد نەتوانێ بە یەك گوتار و یەك هەڵوێست بەرانبەر داگیركەرانی كوردستان بوەستێت، دووبارە گەڕانەوەی ناوەند ئیشی بۆ كراوە هەر ئەو راگەیاندنەی بەو شێوەیە ئیشی بۆ دەكات یەكێكە لە كارتەكان، ئێمە پێویستمان بەوە هەیە راگەیاندنێك بەرانبەر ئەو راگەیاندنە بوەستێت كە ئیش بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە دەكات، كۆمەڵێك كارت هەنە دەبێت بەكاریان بێنین، چونكە حكوومەتی عێراق بەرپرسە لەوەی قەرزی كوێت بداتەوە كە (سەددام حوسێن) قەرزەكەی كردووە و وەهایش بەرپرسە لەوەی قەرزی هەرێمی كوردستانیش بداتەوە لەو نەوتەی بردوویەتی".
قائید میرۆ




