٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مووچەی چاودێریی خێزان دەگەڕێندرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی گەڕاندنەوەی مووچەی چاودێریی خێزانی دەكات كە ماوەیەكە پێدانی ئەو مووچەیە راگیراوە و دەڵێت، لیژنەیەك دروست كراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ناوی ئەو كەسانەی مووچەكە وەردەگرن و ئەوەی شایان بێت، مووچەكەی بۆ دەگەڕێتەوە.

(محەممەد هاودیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كاتی خۆی مووچەی چاودێریی خێزان بە بڕیارێكی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی راگیراوە  و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی لیژنەیەكی پێك هێناوە و ئێستا ئەو لیژنەیە خەریكی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەن لە ناوەكان كە لە لیستەكە هەن و مووچەیان وەردەگرت، دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانیش راستەوخۆ جارێكی دیكە راپۆرت دەكرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی دووبارە مووچە بەو كەسانە بدرێت كە شایانی ئەوەن مووچەكەیان پێ بدرێت".

سەبارەت بەوەی ئەو لیژنەیە كارەكانی بە كوێ گەییشتووە، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، لیژنەكە سەرقاڵی كاری خۆیەتی و هەر كاتێك كارەكانی تەواو كرد، راپۆرتی خۆی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات.

پێشتر خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت ئەوانەی بەتەمەنن، مانگانە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ١٥٠هەزار دیناریان پێ دەدرا، بەڵام ماوەیەكی زۆرە بە بڕیارێكی لیژنەی روبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی پێدانی ئەو مووچەیە راگیراوە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار