پارتیاک گۆرکیسی سێیەم سڵێوە، سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند

هەولێر-KDP.info- لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، پاتریاكی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، دەربڕی و نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بەتایبەتی لە ئازادكرنەوەی دەشتی نەینەوا لە دەستی تیرۆرستان بە هەماهەنگیی لەگەل سوپای عێراق و هاوپەیمانان بەرز نرخاند.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ١٣-١١-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پاتریاك گۆرگیسی سێیەم سڵێوە، پاتریاكی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنهادۆسی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری پێكهاتبوون.
لە دیدارێكدا سڵێوە خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، دەربڕی و نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بەتایبەتی لە ئازادكرنەوەی دەشتی نەینەوا لە دەستی تیرۆرستان بە هەماهەنگیی لەگەل سوپای عێراق و هاوپەیمانان بەرز نرخاند. هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو ئاوارە مەسیحییانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
هیواشی خواست كە ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و لە هەموو لایەكەوە ژیانیان بپارێزرێت و دەڤەرەكیانیان ئاوەدان بكرێنەوە كە ڕەگ و ڕیشەی مێژووییان لەو ناوچانەدا هەیە، هەروەها ئاشكرای كرد كە دوای هەشتا و چوار ساڵ، ساڵی پار بڕیاریان دا بارەگای پاتریاركیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان بگوازنەوە و ئێستا كۆبوونەوهكانی كەنیسەكەیان لە هەولێر ئەنجام دەدەن و لەمبارەیەشەوە سوپاسی ئاسانكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ كار و چالاكییەكانیان.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی كار و چالاكییەكانی خواست و ئاماژەی بەوەش دا كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پتەوتركردنی كلتووری پێكەوەژیان و تەبایی لە ناوچەكە و، پشتگیری و پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ ئەو پێكەوژیان و تەباییە نەتەوەیی و ئایینییە دووپات كردەوە كە هەردەم شانازی پێوە دەكەن چونكە ڕەك و ڕیشەیەكی مێژوویی لەو دەڤەرە هەیە و هیوای خواست ئەم پێكەوە ژیانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەموو ناوچەكانی عێراق و دەڤەرەكەش بگرێتەوە كە نمونەیەكی زۆر جوانی پیشانی جیهان داوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە هاوكارییەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو ئاوارانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كه بێ جیاوازی خزمهتیان كراوه و دووپاتی كردەوە لە داهاتووشدا هاوكارییان دەكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و متمانە لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی ناوچەكەدا دروست ببێتەوە، هەروەها هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنفرانسی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر خواست.




