ئەمەریكا سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە دەوروبەری مووسڵدا بەرز دەنرخێنێت

هەولێر-KDP.info- لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی لە دژی تیرۆرستانی داعش لە دەوروبەری مووسڵ بەرز نرخاند و پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ١٣-١١-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازى لە دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سیلیمان سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی لە دژی تیرۆرستانی داعش لە دەوروبەری مووسڵ بەرز نرخاند و پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست. دووپاتیشی كردەوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵدا، هەماهەنگی و هاوكارییەكی باش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیماناندا هەیە و بەهۆیەوە سەركەوتنی باش بەسەر تیرۆردا تۆمار كراوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە سەردانە مەیدانییەكانی بۆ كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان كرد و ئاشكرای كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە پێدوایستییە سەرەكییەكانی بۆ ئاوارەكان دابین كردووە و بە پێویستیشی زانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی دەستی تیرۆر، هەروەها باسی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە لایەك، هەولێر و بەغدا لە لایەكی دیكهوە كرد، كە لەم دواییانەدا پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و هیوای خواست كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
لاى خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوپەیمانانی كرد لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرتانی داعشدا كە ڕۆڵێكی گەورە و بەرچاویان هەبووە. ئاماژەی بەوەش دا كە پێویستە هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێكی هاوتەریبی ئۆپەراسیۆنەكان، بۆ بارودۆخی مووسڵ دوای داعش بدۆزرێتەوە و هەموو لایەك بە شێوەیەكی یەكسان بەشداری لەو پرۆسەیەدا بكەن.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق و ناوچەكە و قۆناغی دوای بنەبڕكردنی تیرۆرستانی داعش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




