٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گۆڕان لە جیاتی گەڕاندنەوەی کەرکووک دەیەوێ سلێمانی ڕادەستی بەغدا بکات"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  نوێنەرێکی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو پڕۆژەی گۆڕان داوای دەکات کە سلێمانی لە ھەرێم جیا بکرێتەوە، پڕۆژەی دوژمنانی کوردە و گۆڕان دەیەوێت جێبەجێی بکات، لەکاتێکدا لەجیاتی گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ سەر ھەرێم ئەوان سنووری ھەرێم بچووک دەکەنەوە و سلێمانی جیا دەکەنەوە.

 

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گۆڕان بۆ دژایەتیکردنی کورد دروست بووە و بە وروژاندنی پرسی جیاکردنەوەی سلێمانی و ڕادەستکردنی بە بەغدا ئەوەیان سەلماند، چونکە لەگەڵ بچووککردنەوەی ھەرێمن نەک گەورەکردنی سنووری ھەرێمی کوردستان."

(شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتیشی: "دەبا (ئارام شێخ محەمەد) کە دوو ساڵە جێگری سەرۆکی پەرلەمانە، ڕۆڵی ھەبووایە و زەوییەکانی کوردی کەرکووک بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان کە تەنھا دەنگدانی ماوە. لەوبارەوە من ٢٦/٩ نووسراوێکم پێی داوە بیخاتە دەنگدان و نەیکردووە، جگە لەوەش پێویست بوو کار بکەن کەرکووک بگەرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوان ھەر خەریکی ناشرینکردنی ھەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغدا بوونە، بۆیە ئێستا گۆڕان بووەتە ڤایرۆسێک و چۆتە جەستەی ھەرێمی کوردستانەوە."

گوتیشی، ئەگەر لە سنووری سلێمانی ئەو ڤایرۆسە ببڕێتەوە باشترە، نەوەکا بە ناو ھەموو کوردستاندا بڵاو ببێتەوە. جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە، بیرۆکەی جیاکردنەوەی سلێمانی ھیی خۆیان نییە و دژمنانی کورد داویانە پێیان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان (ئارام شێخ محەمەد) لە فراکسیۆنی گۆڕان داوا دەکات گەر ھەرێم و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن بەغدا بە جیا مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار