میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری كەركووكدا بڵاوەیان پێ كراوە
_(1)__2016_11_13_h14m38s57__HK.jpg)
كەركووك-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، زانیاری لەبارەی هاتنی میلیشیاتی شیعە بۆ سنووری كەركووك ئاشكرا دەكات و رایدەگەیێنێت، میلیشیاكانی شیعە هاتوونەتە سنووری كەركووك و لە داقووق و ناحیەی تازە نیشتەجێ بوونە. هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو، ناوچەی پارتی لە ناحیەی لەیلان رێگری كردووە چەكدارانی شیعە بچنە نێو شارەدێی لەیلان و ناشهێڵن ئەو چەكدارانە لە ناوچەكە بڵاوەیان پێ بكرێت.
دكتۆر (فەهاد كەركووكی)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك – گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هاتوونەتە سنووری پارێزگای كەركووك و زیاتر لە ناوچەكانی قەزای داقووق و ناحیەی تازە نیشتەجێ بوونە و ئەگەر لەنێو سەنتەری شاری كەركووكیش هەبن ئەوە لە و گەڕەكانە نیشتەجێ بوونە كە هاووڵاتیانی شیعەمەزهەبیان تێدایە، ئەوانەی نێوشار زیاتر بەرچاو نین، لێ دەرفەت هەیە خۆیان بگەیەننە نێو شاری كەركووك، بەڵام بە شێوەی گشتی حەشدی شەعبی هاتووەتە دەوروبەری شاری كەركووك و لە ناوچەكەدا بوونیان هەیە".
(كەركووكی) ئاماژەی بەوە كرد: "ژمارەی چەكدارانی میلیشیاتی شیعە لە سنووری كەركووك نازانرێ چەندە، ئێستا حەشدی شەعبی دەستی بە ناوتۆماركردن كردووە و خەڵك بۆخۆیان چەكدار دەكەن، چەكدارانی شیعە پێش چەند رۆژێك دەیانویست بێنە نێو سەنتەری ناحیەی لەیلان، بەڵام برادەرانی ئێمە لە لیژنەی ناوچەی لەیلان رێگریان لە هاتنی حەشدی شەعبی بۆ نێو لەیلان كرد و رێگەیان پێ نەدان بچنە نێو شارەكە، رێگرییش لە هەر هەوڵێكی هاتنی هێزی میلشیاتی شیعە بۆ ناوچەكە دەكەین."
قائید میرۆ




