وەزارەتی سامانە سروشتییەکان زانیارییە ساختەکانی کەناڵی 'ئێنئاڕتی'ـی ئاشکرا کرد

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەواشەکردنی تۆڕی هەواڵی ئێنئاڕتی (NRT) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و ڕاپۆرتە هەڵەکانی ئەو کەناڵە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشکرا دەکات.
لە زنجێرە بێبنەماکانی خۆی، لە 2ی تشرینی دووەم، کەناڵی ئێنئاڕتی بڵاوی کردووەتەوە کە گوایە ئەو ژمارانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکاریی ڕایگەیاندووە هەڵەن و زۆر زیاترە لەوەی بەفەرمی دەیخاتەروو و داهاتەکەشی زیاترە.
با لێرەدا ئاماژە بە یەک نموونە بدەین: کەناڵی ئێنئاڕتی چەواشەکاری کردوە لە ژمارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەکانی کوردستان بۆ ئەوەی واپێشانی بدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و تەقتەق ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیلە، کە سەدا 90 زیاترە لە ئامارە ڕاستییەکانی ئەو دوو کێڵگەیە. دوای ئەو داتا ساختانەی ئێنئاڕتی، کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوتە کە لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و تەقتەق بەشدارە، نووسراوێکیان ئاراستەی 'ئێنئاڕتی'ـی کردبوو و بە ڕێزەوە ئەو کەناڵەیان لە هەڵەکانیان ئاگادار کردووەتەوە هاوکات ئامارە دروستەکانی ئەو دوو کێڵگەیەیان پێ داون و داوایان لە ئێنئاڕتی کردووە لە تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکەیدا "چاو بە ئامارەکان بخشێنێتەوەو ڕاستیان بکاتەوە". گەنەل ئێنێرجی لە نامەکەیدا بە ئێنئاڕتی ی ڕاگەیاندووە "هەموو زانیارییە گشتییەکان سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانیان دەتوانن لە ماڵپەڕی کۆمپانیاکەیان وەرگرن."
سەرەرای داواکارییەکەی گەنەل ئێنێرجی، ئێنئاڕتی تەنیا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە نووسراوێکی پێگەیشتووە لە گەنێڵ ئێنێرجییەوە بەبێ ئەوەی دان بە چەواشەکارییەکانی بدات لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی دوو کێڵگەکە و ڕاپۆرتەکەی تشرینی دووەمی خۆیشی چاک نەکردووەتەوە.
سەرەرای نووسراوەکەی گەنێل ئێنێرجی ئاماژەپێدراو، دووبارە ئێنئاڕتی لە ڕۆژی 6ی تشرینی دووەم بەردەوام بووە لە پروپاگەندەکانی و ئامارەکانی ئاستی بەرهەمهێنان و داهاتی نەوت و زیاتر چەواشەکاری کردوووە کە بەڵگەنامەیەکی نهێنی تازەی دەستکەوتووە کە بۆ یەکەم جار بڵاودەکرێتەوە کە گوایە گەندەڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت. کەناڵی ئێنئاڕتی زیاتر بانگەشەی کردووە کە سەرچاوەیەکی زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەست کەوتووە کە گوایە پێشتر کاری لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە ڕاستیدا، ئەو بەڵگەنامەیە کە ئێنئاڕتی بانگەشەی بۆدەکات کە گوایە نهێنی بووە بە هێچ شێوەیەک نهێنی نەبووە و هیچ گەنەدەڵییەکیش ناسەلمێنێت. ئەو بەڵگەنامەی ئێنئاڕتی کە لە ڕۆژی 6 ی تشرینی دووەم بڵاویکردووەتەوە تەنیا نەخشەیەکی نیشاندەرە، کە لەلایەن کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس (WZ) وە ئامادەکرابوو کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوتەو لە هەرێمی کوردستان کاردەکات. ئەو نەخشەیەی پێشاندراوە لەلایەن 'ئێنئاڕتی'ـیەوە بۆ ماوەیەکیش لەسەر ماڵپەڕی کۆمپانیای ویستێرن زاگرۆس لەبەردەست بووە بۆ خوێندنەوەو بەکارهێنان بەشێوەیەکی گشتی بۆ هەموو ئەو کەسانەی سەردانی ماڵپەڕەکە دەکەن. بەپێچەوانەی ئەوەی کە ئێنئاڕتی بانگەشەی بۆ دەکات، ئەو زانیارییانەی کە لەو نەخشەیەدا پێساندرابوو، لەلایەن هیچ کەسێک یان ڕاوێژکارێک ئامادە نەکرابوو کە گوایە ئەو کەسە کاتی خۆی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان یان حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردبێت.
دوای ئەو بانگەشە بێ مانایەی ئێنئاڕتی سەبارەت بەو، "بە ناو بەڵگەنامە نهێنییە" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، بەڕێز سیمۆن هاتفێڵد، نیگەرانی خۆی لەسەر ڕاپۆرتکردنی ئێنئاڕتی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڕبڕیوە. هەروەها، بەڕێز هاتفێڵد، دەلێت کە بە نووسراوی تایبەتی خۆیان ڕاستەوخۆ نارەزایەتی کۆمپانیاکەیان بەرامبەر بە وێنە هەڵخەڵەتێنەرەکانی ئێنئاڕتی ئاراستە دەکات.
لە نامەکەیدا بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێز هاتفێڵد دەلێت، ئەو نەخشە "بە ناو نهێنییە" کە ئێنئاڕتی پێشانی داوە، وا دیارە بەشێک بێت لەو نەخشەیە کە ئێمە لە ماڵپەڕەکەماندا لە مانگی حوزەیرانی 2015 داماننابوو." هەروەها دەڵێت کۆپییەکی ئەو نەخشەیە لە مانگی شەشی 2015 لە کۆنفەرانسەکەی CWC لە لەندەن بەبێ بەرامبەر دراوە بە بەشداران کۆنفەرانسەکە. بەڕێز هاتفێڵد هەروەها ڕایگەیاند، "نەخشەی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015 ی ئێمە بەڵگەنامەی نهێنی نەبووە کە هەڵگری زانیاری نوێ و نهێنی بێت بەو شێوەی کە ئێنئاڕتی بانگەشەی بۆ دەکات. لە ڕاستیدا ئەو نەخشەیە کراوە بووە بۆ هەموو کەسێک لە ماڵپەڕەکەمان بۆ بەکارهێنان و دەربڕینی بیروڕا لەسەری."
لە نامەکەیدا بەڕێز هاتفێڵد هەروەها ئەم خاڵانەی خوارەوە خستووەتە ڕوو بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان:
لە مانگی ئەیلوولی 2015، (دوای ئەوەی نەخشەی مانگی حوزەیرانمان لە ماڵپەڕەکەمان دانابوو)" ڕاوێژکارەکەمان کە بەشێک لە ئامارەکانی نەخشەکەی ئامادە کردبوو، ئاگاداری کردینەوە کە هەندێ جیاوازی لە ئامارەکاندا هەیە لەبەر هەڵەبوونی سەرچاوی زانیارییەکان و لەبەر ئەوەش، ئێمە بە خێرایی لەسەر ماڵپەڕەکەمان نەخشەکەمان لابرد. دوای ئەوە لە چاوخشاندنەوەی دیکەی نەخشەکەدا، ئاماری دروستی بەرهەمهێنان لە ڕێی دانانی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەکار هێنراون."
"ئێمە ئەو جۆرە نەخشانەمان لە ڕێی کۆکردنەوەی "زانیاری گشتی" لە 2012وە دەست پێکرد و دوای ئەوەش زۆر دەستخۆشیمان بۆ هاتووە، کە نەخشەکانمان بەکەڵک بوون. بەڵام تەنیا نەخشەی مانگی حوزەیرانی 2015 مان جیاوای تێدا بووە کە پێمان زانی و دەستبەجێ چارەسەرمان کردووە.
بەڕێز هاتفێڵد لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: "زۆر ئاساییە بۆ ڕۆژنامەنووسە پیشەییەکان پێش بڵاوکردنەوی هەر زانیارییەک لە ڕاستبوونی دڵنیا بن. بەڵام ئێنئاڕتیهیچ هەوڵێکی نەداوە پێش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی پەیوەندی بە ئێمەوە بکات، وە هەروەها ئاگاداریش نین هیچ پەیوەندییان بە کۆمپانیاکانی دیکە کردبێت کە ناویان هاتووە لە ڕاپۆرتەکەیاندا. ئەگەر ئەوان پەیوەندییان بە ئێمە بکردایە، ئەو کاتە ئێمە سەرنجیانمان ڕادەکێشاو بۆ ئەوەی بەرپرسیارییەتی خۆمان لە سەر درووستبوونی داتاکانی ناو نەخشەی مانگی حوزەیران لاداوە. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەبوایە ئەوان سەیری نەخشە نوێیەکانی ئێمەیان کردبایە، ئەو کاتە دەیانزانی ئامارەکانی بەرهەمهێنانمان گٶڕیوە." ئێمە لە داهاتوودا نارەزایەتی خۆمان ئاراستەی ئێنئاڕتی دەکەین لەسەر داتا و ژمارە چەواشەکانیان.
هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتەی ئێنئاڕتی، کۆمپانیای ڕاوێژکاری CMX Caspian کە هەندێ لەو خەمڵاندنانەی ئامادەکردبوو بۆ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، ئەویش نووسراوی خۆی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ناردووە و لە نووسراوەکەیدا ڕایگەیاندووە " سەرسامن بە ناوەرۆک و ناراستییەکانی ڕاپۆرتەکەیئێنئاڕتی کە بریتییە لە هەڵەی ئەنقەست و دەستبژێرکراو کە بە ڕوونی ئامانجی سیاسی پێوەدیارە."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری CMX هەروەها لە نامەکەدا دەڵێت، CMX دەیەوێت " دەقی درووستی زانیارییەکانی خۆیان ڕوونبکەنەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دەڵێن،" بەپێچەوانەی ئەوەی کە ئێنئاڕتی بانگەشەی بۆ دەکات، CMX هیچ کات ڕاوێژکار یان بەڵێندەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان یان حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە."
CMX دەڵێت، ئامارەکانی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت کە داویەتی بە کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، لەسەر داوای بەڕێوەبەرێکی باڵای کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس بووە بۆ مەبەستی کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی. وە هەروەها دەڵێت،" لەبەر ئەوە هیچ کاتێکیان نەبووە بۆ لێکۆڵینەوە، ئامارەکان هیچکات دەربڕی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکاریی ڕاستەقینە نەبوون و هیچکاتیش چاوەروانی ئەوەیان لێنەکراوە کە بەو چەشنە بن."
CMX زیاتر لە نامەکەیدا دەڵێت، ئەو خشتەیە کە ئامادەی کردبوو بۆ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، " بە ڕوونی و بەوردی لەسەریان نووسیبو" ناتەواو نادرووست"، و بە کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسیان ڕاگەیاندبوو، ئامارەکان تەنیا خەمڵاندنی لاوەکین و تەنیا بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ کۆبوونەوەی ناوخۆیی کۆمپانیاکە ئامادەکراوە، وە بەروونی ڕایگەیاندبوو بەس بۆ ئەو مەبەستە بەکاری بهێنن.
CMX زیاتر سەرسوورمانی خۆی ڕادەگەیەنێت بەوەی " چۆن ئەو ئامارانە بڵاوکراوەنەتەوە کە بە تەواوەتی نادرووستن و لە ئاماری ڕاستەقینە دوورن و پێشتر زانراوە کە بەدواداچوونی بۆ نەکراوە و تەنیا خەمڵاندنە و لەبەر داواکاری بۆ کۆبوونەوەی ناوخۆیی بەپەلەی وێستێرن زاگرۆس ئامادەکرابون."
CMX لە کۆتاییدا دەڵێ: "ڕاپۆرتەکەی ئێنئاڕتی نادروست و بێبنەمایە و بە ڕوونی دیارە بە مەبەستێکی سیاسی ئامادەکراوە و هەڵگری هیچ ڕاستییەک نیە."
لە کۆتاییدا هەر کەسێک خوازیارە بزانێت چۆن ئێنئاڕتی هەڵەی کردووە لە ئامارەکانی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، دەتوانێت سەردانی ماڵپەڕی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بکات کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. ئەو کۆمپانیانە بە شێوازێکی ئاسایی لەسەر ئاستی بەرهەمهێانی ئەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەن، ئامارەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە، سەرەرای ئەوەش زانیاری زۆر بەسوودی دیکەش لەسەر چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت.
ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە بڵاودەکرێنەوە لە هەر کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەر وەردەگیرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت لەرێی سیستەمێکی کۆکردنەوەی ئەلێکترۆنی کە ڕۆژانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دادنەرێت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لە هەموو ڕوویەکەوە وردبینی بۆ دەکات بۆ ئەوەی لە درووستی ئەو ئامارانە دڵنیا بێت.
ئامارەکانی بەرهەمهێنان پاشان لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ ئەژمارکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی گرێبەستەکانیان و هەروەها بۆ ئەژمارکردنی داهاتی پۆختەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر هەمان ئامار و زانیارییە ئاماژەپێدراوانە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە کۆدەکرێنەوە و بەکاردەهێنرین بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی مانگانەی بەرهەمهێنان و داهاتی سامانە سروشتییەکان. نوسخەیەکی ئەو ڕاپۆرتە کە بە وردەکارییەوە ئامادە دەکرێت و دەدرێتە ئەنجومەنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پوختەیەکی ئەو ڕاپۆرتە مانگانە بڵاودەکاتەوە کە زۆرجار لە لایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان ستایش کراوە بەوەی کە زۆر گشتگیرتر و شەفافترە لە ڕاپۆرتەکانی وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت.لە کۆتاییدا زۆر ئاشکرایە کە ئێنئاڕتی ئامارەکانی بە ئەنقەست و بەهەڵە بڵاوکردووەتەوە کە بووەتە بەمەبەستی بەلارێدابردنی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی بە داخەوە لەم کاتەدا کە لەرووی نیشتمانییەوە کاتێکی هەستیارە بۆ هەرێمی کوردستان. سەرەرای ئەم ڕاپۆرتە چەواشەکارییانە، هێشتا دەرفەت لەبەردەم ئێنئاڕتی ماوە بۆ چاککردنی ناوبانگی خۆی و بۆ ئەوەی ببێتە کەناڵێکی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەوانی، نەک ئەوەی کە بە داخەوە هەندێ جار خۆی بکاتە کەرستەیەکی میدیایی، لەبەر دەستی کەسان و لایەنی دیکە. ئەگەر ئێنئاڕتی ڕێگەی بوون بە پیشەیی بگرتایەبەر، ئەوا بۆی دەردەکەوت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەرچاوەیەکی زانیاری باوەڕپێکراو و پشتراستکراوە کە هەل بۆ 'ئێنئاڕتی'یش دەڕەخسێنێت کاری ڕۆژنامەوانی پیشەییانەو ڕاپۆرتی پشتراستکراو شرۆڤەکاری و ڕەخنە بڵاو بکاتەوە.




