كوردستانیان: پاشكۆیی قبووڵ ناكەین.. داواكهی گهڕانهوه بۆ بهغدا ناڕهوایه

هەولێر-KDP.info- هاونیشتیمانیانی كوردستان دەڵێن، كوردستانیان قبووڵی ناكەن لایەنێكی سیاسی بە ئارەزووی خۆی و لەجیاتی گشت خەڵك، داوای ئەوە بكەن هەرێمی كوردستان بچووك بكەنەوە بۆ پارێزگایەك و بەغدا وەك پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵدا بكات. دەشڵێن، ئەوەی لە سلێمانی ڕوو دەدات بە ناوی داواكردنی مووچەوە، پیلانێكی نوێی هەندێك لایەنە.
(ئەحمد گلی) چاودێری سیاسی، لە گەرمیانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئامانجی لێدوانەكانی بەرپرسانی گۆڕان ڕوونە كە دەیانەوێت بە هەر نرخێك بێت جارێكی تر كورد ملكەچی داواكانی بەغدا ببێتەوە لە ژێر ڕكێفی (مالیكی) و هاوشێوەكانی، هەموو كات گۆڕان خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی قۆستووەتەوە و مەرامەكانی خۆی پێی جێبەجێ كردووە، لێدوانەكەی (ئارام شێخ محەممەد) سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ پارێزگاكان، پیلانێكی نوێی گۆڕان و باڵی دەسترۆییشتووی یەكێتییە، بە پاڵپشتیی (مالیكی) و ئێران بۆ بەشبەشكردنی هەرێمی كوردستان، هیچ كوردێكی دڵسۆز رەزامەد نییە بەغدا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگادا بكات، ئێمەی كورد 100ساڵە لە پێناو ئەم خاكەدا خوێن دەدەین، ناكرێت بە پیلانی حزبێكی پاشكۆ و لۆكاڵی ئەم دەستكەوتانەی كە ئێستا بەدەست هاتوون، بكرێنە قوربانی، سەركەوتنەكانی (سەرۆك بارزانی) و پێشمەرگەی كوردستان هەموو نەیارە دەرەكی و ناوخۆییەكانی تووشی شۆك كردوە، كە سنووری هەرێمی كوردستانیان بە خوێن نەخشاندووە، (مالیكی) وەك هەموو سەركردە شۆڤێنییەكانی دیكەی عێراق تاسەر ئێسقان دژایەتیی كورد دەكات بۆ ئەوەی نەگات بە ئامانجەكەی، بەڵام كارەسات لەوەدایە گۆڕان و باڵی دەستڕۆییشتووی یەكێتیی زۆر زیاتر لە نەیارانی كورد هەوڵێ تێكدانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لەباربردنی دەستەكەوتەكان دەدەن ".
(ڕێبین نەوزاد) قوتابیی بەشی ئینگلیزی لە زانكۆی كەركووك، پێوهست بهو پرسه بۆ ماڵپهری فهرمیی پارتی گوتی: "ئەوەی لە سلێمانی ڕووی دا، پەیامێكی سیاسی بوو، بەڵام مامۆستا كرا بە ئامرازی گەیاندنی، پەیامێك بوو كە دەڵێن "سلێمانی و تەواوی زۆنی سەوز هیچ كات ئامادە نییە بچێتە چوارچێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردییەوە، بەڵكوو ڕاستەوخۆ بەغدای دەوێ" تەنانەت قسەكەر و گوتاربێژیان نوێنەرێكی حكوومەتی عێراقی بوو كە عێراقچێتیی خۆی دەكرد، كەم لەوانەی لەوێ ئامادە بوون داوای مووچەیان دەكرد، بەڵكوو تەنیا مەبەستیان گەیاندنی پەیامە سیاسییەكە بوو كە سەرچاوەكەی زۆر لە بەغدا و سەركردایەتیی حزبەكانیان دەستواڵاترە. دەسەڵاتی سلێمانی بە تەواوی داهاتی ژێر زەوی و سەر زەوی و پۆستە گرینگەكان لە دەستی گۆڕان و یەكێتدایە. ئەگەر بە ڕاستی هەست بە مەغدووری دەكەن لە حكوومەتی هەرێمدا، خۆ دەتوانن لێی بكشێنەوە، دەتوانن بە پارەی ئەو پاڵاوگانەی خۆیان زوو زوو ئاشكرای دەكەن دژی یەك، كێشەی مامۆستایان چارەسەر بكەن. گاڵتەجاڕییە بگوترێ خۆپێشاندانەكە بۆ مووچەیە، گەر وابێت خۆ نوێنەری یەكێتیی كە زیاتر لە 3پەرلەمانتار بوون، لەوێ ئامادە بوون، دەی هەر مانگێك دەبێت كە جێگری سكرتێری گشتی و باڵی ناوەندی بڕیار بە خەڵكی گوت كە ئەوە چەند كەسێكی حزبەكەی ئێمە بوون داوای بڕینی قوتی خەڵكیان لە بەغدا كرد."
ئەو قوتابییە گوتیشی: "داواكردن و گەڕانەوەی ڕاستەوخۆی سلێمانی بۆ بەغدا، ناپاكییە لە خەڵكی ئەو دەڤەرە، گۆڕان هەر خێرا بە دەركردنی بەیاننامەیەك بە ڕووكەشانە بە خەڵكی گوت ئێمە خاوەنی ئەو پڕۆژەیە نین و بە پێویستی دەزانین لە حكوومەتدا بمێنینەوە (لەكاتێكدا ئەوان دەركراون) ساڵانی پێشوو جارێكی تر پڕۆژەیەكیان پێشكەش كرد بۆ فیدڕاڵیی پارێزگاكان واتا هەولێر و بەسرە وەكوو یەكدی، بەغدا حوكمیان بكات، ئەوكات لەلایەن (سەرۆك بارزانی)ـیەوە زۆر بە توندی ڕەت كرایەوە، ئێستایش هەمان سیناریۆیە، بەڵام لە ژێر ناوی مووچە و داواكاریی مامۆستا."
لە دەربەندیخان (عەدنان شێخ عومەر) چالاكوانی مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "خۆپێشاندان بۆ داواكردنی ماف، مافی هەموو تاكێكمانە، بەڵام نەچێتە ئەنجێدای حیزبیەوە، بەڵێ مامۆستایان مافی ڕەوای خۆیانە داوای مافەكانی خۆیان بكەن لە ڕێگەی خۆپێشاندانی هێمنانەوە، بەڵام بایكۆتكردن خزمەت بە هیچ لایەك ناكات، چونكە سێكتەری پەروەردە گرینگترین سێكتەری وڵاتە، بۆیە ناكرێت پرۆسەی خوێندن بوەستێنرێت. خۆپیشاندانی دوێنی ( 12/ 11 /2016) و گردبوونەوەی بەشێك لە مامۆستایان بۆ بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق، هیچ خزمەتێك بە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان ناكات. هاواركردن و هوتافلێدان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر حكوومەتی عێراق، دەچێتە قاڵبی خیانەتەوە، جگە لە بچووككردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سوكایەتیكردن بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پیشمەرگەكانمان، هیچی تر نەبوو."
قوتابیی زانكۆ (محەممەد عەبدوڵڵا) لە كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێم سەیرە (ئارام محەممەد) وەك نوێنهرێكی كورد ئەو جۆرە قسە دەكات، لە پاش ئەو هەموو قوربانییەی كە پێشتر و تاوەكو ئێستایش لە پێناو سەربەخۆیی دەدرێت، ئەمە بێبەهاكردنی خوێنی شەهیدانە، كوردستان بە بارێكی دژواردا تێدەپەڕێت و لە پرسی سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە، پێشمەرگە بە پانتایی زیاتر لە (1000 ) كیلۆمەتر لە شەڕێكی قورسدایە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەواڵی سەركەوتنی پێشمەرگەمان پێ دەگات، كەچی هەندێك لایەنی كوردستانی دژایەتیی هەوڵی سەربەخۆیی و ئەو دەستكەوتانە دەكەن، پێویستە سەرجەم لایەنە كوردستانیهكان پشتگیریی هەوڵی سەربەخۆیی بكەن نەوەك پاشكۆیەتی و ئاغایەتی بۆ بەغدا كە جێگای قبووڵكردن نییە و ئێمەی هاووڵاتی قبووڵی ناكەین."
فایزە كۆیی




