"گۆڕان دەیەوێ سلێمانی رادەستی بەغدا بكات"

بەغدا-KDP.info- جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان (ئارام شێخ محەممەد)، باس لەوە دەكات كە ئەگەر ھەرێم و بەغدا نەگەنە رێككەوتن، داوا دەكەن بەغدا بە جیا مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكات، پەرلەمانتارێكی كوردیش لەوبارەیەوە دەڵێت، گۆڕان دەیەوێت بەغدا ئیدارەی سلێمانی بكات، كە ئەمەیش بە ھیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی سلێمانیدا نییە.
(نەجیبە نەجیب)، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشنیازی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (ئارام شێخ محەممەد) لە بزووتنەوەی گۆڕان، ھیچ بنەمایەكی دارایی و یاسایی نییە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو داواكارییەیشیان لە بەرچاو بگیرێت، پێویستە حكوومەت رەزامەند بێت و جگە لەوەیش ساڵانە بەغدا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا دەكات نەك پارێزگاكان و، ھەر چۆنێكیش بێت مامەڵەكردنی بەغدا بە شێوەیەكی جیاواز لەگەڵ سلێمانی، پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە".
(نەجیب) گوتیشی، بەغدا ئەگەر بەشەبوودجەی پارێزگای سلێمانی رەوانە بكات، مەرجی خۆی ھەیە، ئەویش نەوت و داھاتی ناوخۆ و داھاتی گومرگەكان و داھاتی فڕۆكەخانەیش ھەمووی رادەستی بەغدا بكات، ئەوكاتیش ئەگەر بەغدا پارەیان بۆ رەوانە بكات، چونكە دەبینین لە كەركووك تەنانەت پارەی پترۆدۆلاریش نادرێتە ئەو شارە و، تاوەكو پارەی جووتیارانی ھەموو پارێزگاكان خەرج نەكرێت، نادرێتە جووتیارانی كەركووك، جا چۆن پارەی سلێمانی رەوانە دەكەن؟".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دهشڵێت، بەغدا ئەگەر بەشەبوودجەی سلێمانی رەوانە بكات، پێویستە ئەو پارێزگایە بە تەواوەتی بكەوێتە بندەستی بەغدا و ئەوان ئیدارەی ئەوپارێزگایە دەكەن وەكو پارێزگاكانی دیكەی عێراق و تەنانەت لە دامەزراندنی فەرمانبەرانیشدا بەغدا بڕیاری لەسەر دەدات".
باسی لەوەیش كرد، ئەو لێدوانەی (ئارام) بۆ موزایەدەی سیاسییە و بە ھیچ شێوەیەكیش لە بەرژەوەندیی سلێمانیدا نییە و لە ھیچ روویەكەوە ئەو شارە سوودی لێ وەرناگرێت.
بڵند ئیبراھیم




