گەرمیانی: قوتابخانەی زیاتر لە سلێمانی دەكرێنەوە.. عێراق لە نەدانی مووچەی مامۆستایان بەرپرسە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، لە ئێستادا لە ٧٠ قوتابخانە لە سلێمانیدا دەوام دەستی پێ كردووە و چاوەڕوانیش دەكرێ لە رۆژانی دابێ قوتابخانەی زیاتر بكرێنەوە.
(ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوێنێ مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و گرینگترین بابەتەكانمان تاوتوو كرد كە پرسی دەوامكردن لە سلێمانی بوو و، لەگەڵ ئەوەداین حكوومەت داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات بۆ ئەوەی دەوام ئاسایی بێتەوە".
ئاماژەیشی دا: "لە كۆبوونەوەكەدا داوامان كردووە كە حكوومەت دەستكاریی مووچە بكات و ٣٠ رۆژ جارێكیش مووچەی مامۆستایان بدات".
(گەرمیانی) دەیشڵێ: "نامەیەك ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین و لە نامەكەدا داواكارییەكان دەخەینە ڕوو كە وەك پەیامێك بگاتە دەستی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی جیهانی كە بزانرێ حكوومەتی عێراق لە نەدانی مووچەی مامۆستایان بەرپرسە".
ئەو هەروەها پێوەست بە دەوام لە سلێمانیدا گوتیشی كە، لە ٧٠ قوتابخانەدا دەوام دەستی پێ كردووە و نزیكەی لە نیوەی سلێمانیدا دەوام هەیە، چاوەڕوانیش دەكرێ لە رۆژانی دابێ قوتابخانەكان زیاتر بكرێنەوە و دەوام بە تەواوەتی دەست پێ بكاتەوە.
بڵند ئیبراھیم




