خەڵکی رۆژئاوا، لە بهسهربازگهكردنی رۆژئاوای كوردستان نیگهرانن

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەو کارانەی کە پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات كه لە بێبەشکردنی کورد لە خوێندندا و بەزۆر بردنیان بۆ شەڕ و، دەسبەسەرداگردنی خاک لەژێر حوکمێ رژێمی سووریادا خۆی دهبینێتهوه، خەڵکی رۆژئاوای تەواو نیگەران کردووە و پەیەدە بە گرووپێکی عەسکەرتاری دهزانن.
قسەکردن لەسەر رەوشی رۆژئاوای کوردستان لە زمانی ئەو کەسانەی کە ئاوارەبوونە و لە کەمپەکانی هەرێمدا نیشتەجێن، ئاماژەیەکی تەواو روونە کە پەیەدە وەک گرووپێکی عەسکەرتاریی دەستی رژێمی سووریا، رۆژئاوای کوردستانی وەک زیندانییەک بۆ کوردان لێ کردووە.
(ستار حەمید) کە کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە و لە کەمپەکانی هەرێمدا نیشتەجێیە، دەگێڕێتەوە کە پەیەدە کوردان بە زۆر دەباتە بەرەی جەنگەوە، جەنگێک کە هیچ مانایەکی بۆ نەتەوە و پیرۆزیی کوردستان نییە.
(ستار حەمید) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، ''ئەمڕۆ لەبەر ئەو سیاسەتەی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستاندا پێڕۆی دەکات، بە سەدان كچ و كوڕی كورد بێ خوێندن ماونەتەوە و لێ ناگەڕێن درێژە بە خوێندن بدەن، بە زۆری دەیانبەن بۆ سەربازی و شەڕیان پێ دەكەن، بۆیە ئێمە هیچ ئۆمێدێكمان بە رۆژئاوا نەماوە تا پەیەدە و رژێمی سووریا لەوێدا حوکمڕانی بکەن.''
ئهو دهڵێ: ''ئێمە وەك خەڵكی رۆژئاوای كوردستان سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەردەوام هەوڵی داوە ناوماڵی كورد لە رۆژئاوای كوردستان یەكگرتوو بێت، بەڵام پەیەدە لەسەر ئەو سیاسەتەی گرتووەتە بەر بەردەوامە و ڕێگە نادات جگە لە خۆی هیچ هێز و لایەنێكی دیكە لەو بەشەی كوردستاندا كار بكات، هەروهها سوپاسی حكوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، كە زیاتر لە 5 ساڵە، بەردەوام هاوكاریی ئێمە دەكەن و كەمپیان بۆ ئێمە كردووەتەوە و هەرچیی شتێ ئێمە پێویستمان پێیەتی بۆمان دابین كراوە.''
ئازار و ئەشکەندانی کوردان لەلایەن پەیەدەوه بووەتە کارێکی رۆژانە و خەڵکی رۆژئاوا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کارە، نیگەرانیی لەوەیش دەردەبڕن کە بەهۆی سیاسەتی پەیەدەوه کوردان ئاوارە بوونە، هەروەک (غەریب قورتاس)، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''هەر هاووڵاتییەك لە رۆژئاوای كوردستاندا لەگەڵ پەیەدە نەبێت و لە حزبێكی دیكە بێ، لە كار دوور دەخرێتەوە و زیندانی دەكرێت و ئەشكەنجەش دەدرێت، هەر ئەوەیش وای كردووە كە نەك خەڵكی رۆژئاوا نە گەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵكو ئەوانەی ماویشن لەو بەشەی كوردستان ڕابكەن و خۆیان بگەیهنە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەیش شتێكی زۆر خراپە و لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا نییە، بەڵكو ئەو كارەی پەیەدە لەو بەشەی كوردستان دەیكات تەنیا دڵی ناحەزانی گەلی كورد خۆش دەكات.''
(غەریب قورتاس) ئەوەشی دركاند، پەیەدە سیاسەتی سەربازیی زۆرەمڵێ و گرتنی سیاسەتمەدار و چالاكوانان پێڕۆ دەكات و، دەست بەسەر مڵك و ماڵی كوردانی رۆژئاوادا دهگرێ، بۆیە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵوحاڵی خۆمان.''
پێوەندی پەیەدە و رژێمی سووریا پێوەندییەکی راستەوخۆی وەرگرتووە وەک کوردانی رۆژئاوا باسی دەکەن، کە ئەو پێوەندییە پەیەدەی کردووە بە حاکم، چونکە بۆ بەرژەوەندیی رژێم کاردەکات.
(تارق نووری)یش کوردێکی رۆژئاوای کوردستانه و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەم جۆرە پێوەندییە دەڵێ، ''لایەنێك لە رۆژئاوا بە زۆر و هەڕەشە خۆی فەرز كردووە و، دەرئەنجامەكانی ئەو تاكڕۆییەش چۆڵكردنی خاكی رۆژئاوا و ئەو ڕێژە زۆرە پەنابەرەیە كە ماڵ و گوزەرانی خۆیان جێهێشتووە، پەیەدە بووەتە دەستەیەك لە دەستەكانی رژێمی سووریا، بووتە هەڵگری چەكی ڕژێم لە ناوچە كوردییەكاندا، لە رۆژئاوای كوردستان بووەتە حاكم، كێ كردووەیەتی بە حاكم، ڕژێمی سووریا كردوویەتی بە حاكم.''
ئاماژەیشی دا، ''پەیەدە حزبێكی توندڕۆیە، جگە لە خۆی هیچ كەس و لایەنێكی دیكە قەبووڵ ناكات، حزبێكی سیاسی نییە، بەڵكو گرووپێكی عەسكەرییە، توندوتیژی بەكار دەهێنێت، دەستگیركردن، تیرۆركردن، ئەشكەنجەدان و ئیهانەكردنی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن پەیەدەوە بەردەوامە و، لە جیاتی دروستكردنی قوتابخانە، پەیەدە زیندان بۆ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دروست دەكات و زیندانی ئاشكرا و نهێنیان هەیە، ئیمانیان بە گفتوگۆ و دیموكراسی نییە، بۆیە دۆخەكە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، ئێستا خەڵكی رۆژئاوا بە ئاشكرا دژایەتیی سیاسەتی پەیەدە دەكەن و بەو حزبە دەڵێن، ئێمە پەیەدە و ئیدارەی خۆسەریمان ناوێت".
رابین شێروانی




