٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد خورشید: پێ ناچێ بۆ ٢٠١٨یش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێ

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info-  د. محەمەد خورشید دەڵێ، دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە بەرژەوەندی كورددا نییە، هێشتا بەرچاو ڕوونیەك لەلایەنە عێراقییەكان بەدی ناكرێت لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕازی بن هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكرێت .

 

دكتۆر (محەمەد خورشید) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند:"كەركووك  یەكێكە لەو پارێزگایانەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای تێدا نەكراوە، تا ئێستا دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا وەكو چواردە پارێزگەی دیكەی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان ڕادەست نەكراوە، ئەوەش بووەتە هۆی زیان بۆ كەركووك، چونكە گرفتی دروستكردووە لەڕووی كاری ئەنجوومەن و چاودێری، لەبەر ئەوەش هەموولایەك لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكرێت و كارا بكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش هەموو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەیەكەوە دوا خراون بۆ ساڵی ٢٠١٨."

 

ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی گوتیشی: "هێشتا گەشبینیەك بەدی ناكرێت گشت لایەنە عێراقییەكان ڕەزامەند بن لە كەركووكیشدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بكرێت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی گشتی عێراقدا دەركەوتووە، كە  كورد لە كەركووك ڕۆژ بە ڕۆژی دەنگی زیاد بەدەست دێنێ، ئەوەش ئەوە دەردەخات كورد دەتوانێ نوێنەری زیاتر بەدەست بێنێ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووکدا."

 

دكتۆر محەمەد خورشید دەشڵێ: "من خۆم گەشبین نیم هەڵبژاردن لە كەركووك بەڕێوە بچێت، فراكسیۆنیە كوردستانییەكانیش لە پەرلەمانی عێراقدا ئەو ڕێژەیە نین بتوانن یاسایەك دەربكەن لە ئاست داخوازییەكانی گەلی كورددا بێت لە پارێزگای كەركووك. دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كاریگەری بۆ كورد دەبێت، بەڵام بەپێی هەموو حاڵەتەكان ناتوانرێ هەڵبژاردن لە عێراق بكرێت لە ساڵی داهاتوو، بە تایبەتی لە ناوچە سوننەنشینەكان،  چونكە پێشبینی ناكرێت تا ساڵی ٢٠١٧ داعش بەتەواوەتی لە ناوچەكانی سونەمەزەب پاك بكرێتەوە و ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان تا هەڵبژاردن بكرێت، ئەوە ڕاستییەكە و پێویستە لەبەرچاوی بگرین."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار