ناوچه كوردستانییه ئازادكراوه‌كان پێویستیان به ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌یه

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، ناوچه كوردستانییه‌كان دواى ئازادكردنیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌وه، كه دیاره به ته‌واوى وێران كراون، پێویسته حكوومه‌تى عێراق هه‌وڵى جیددى بدات بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان تا ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانیانی خۆیان.
(شوان شێخ ئه‌حمه‌د)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دواى ئازادكردنى ناوچه كوردستانییه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌وه، ده‌بینین له‌لایه‌ن تیرۆریستانى داعش ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم به‌ته‌واوى وێران كراون، له شنگاله‌وه تا سنوورى ده‌شتى نه‌ینه‌وا كه هه‌ندێك شوێن هه‌یه به‌ته‌واوى له‌گه‌ڵ زه‌وى ته‌خت كراوه، چونكه داعش گه‌یشتۆته هه‌ر شوێنێك وێرانى كردووه."
(شێخ ئه‌حمه‌د) گوتیشی: "پێویسته حكوومه‌تى عیراق هه‌وڵى خۆى بخاته گه‌ڕ و هه‌وڵى جددى بدات تا ئه‌و ناوچانه‌ش ئاوه‌دان بكرێنه‌وه و زیانلێكه‌وتووانیش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ژیان بگه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه و ئاواره‌كانیش بگه‌رێنه‌وه شوێنه‌كانیان.''
سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوچه كوردستانییه‌كان ده‌شڵێت، ئه‌و ناوچانه له رووى پێداویستییه‌كانى ژیانه‌وه بگره ئاو و كاره‌با و له رووى ته‌ندروستى و خانوو و داموده‌زگاكانى حكوومیش، وێران بوون، بۆیه پێویست به كارێكى باش ده‌كات تا ئاوه‌دان بكرێنه‌وه.
نەشوان بەرزنجی




