وەیس نایف: پەكەكە خەڵكی شنگال تووشی نەهامەتییەكی دیكە دەكەن
_(1)__2016_11_10_h17m15s57__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال ڕایگەیاند، پەكەكە بە هەموو توانای خۆی هەوڵ دەدات شنگال لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە و بیكاتە سەربازگە! مانەوەی ئەوان بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆز دەکا و خەڵكی شنگال تووشی نەهامەتیەكی دیكە دەكەن.
(وەیس نایف) سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەكەكە دەیەوێت چیای شنگال بكاتە سەربازگە، خەڵكی ناوچەكەیش ئەوە ڕەت دەكەنەوە و هیچ كاتێك ڕازی نابن ئەوان شنگال بكەنە سەربازگە، چونكە مانەوەی ئەوان بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆز دەكەن و خەڵكی شنگال تووشی نەهامەتیێكی دیكە دەكەن، بۆیە چەندین جار هاووڵاتیان، ڕیشسپیانی ناوچەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ڕێگەی جۆراوجۆر داوایان كردووە پەكەكە لە ناوچەكە نەمێنێت، بەڵام بە داخەوە پەكەكە گوێ بە هیچ كەس و لایەنێك نادات."
گوتیشی: "ڕۆژانە بارەگای نوێ دەكەنەوە، كە ئێستا ژمارەیەكی زۆر بارەگایان لە شنگال و ناوچەكانی دیكە هەنە، ئەوەیش خەڵكی شنگالی ترساندووە و لەوە دەترسن دووبارە نەهامەتییەكی دیكە بەسەر ئەواندا بێتەوە، هەر لەبەر ئەوەیش ناگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بۆیە مانەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال مەترسیدارە و دەبێت ئەو شارە چۆڵ بكەن، چونكە ناكرێت شارێك ببێتە قوربانی سیاسەتی ئەوان."
ڕابین شێروانی




