سەڵاح بەدرەددین: بە ھۆی سیاسەتی پەیەدەوە، زیاتر لە ٦٠%ـی خەڵًك ئاوارە بوونە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- چاودێرێكی كاروباری رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، پەیەدە بە چەك خۆی لە رۆژئاوای كوردستان جێگیر كردووە و رێگە بە ھیچ ھێزێك نادات كە بیركردنەوەی لەوان جیاواز بێت، لە ئێستایشدا بە ھۆی سیاسەتەكانی ئەوانەوە زیاتر لە ٦٠%ـی خەڵكی رۆژئاوا ئاوارە بوونە.
(سەڵاح بەدرەددین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی رۆژئاوای كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەوخراپتر دەچێت، چونكە پەیەدە لە رۆژئاوا سیاسەتێكی چەوت بەڕێوە دەبات و كەسی دیكەیش قبووڵ ناكات، هەروەها پێویستە ھەمووان وەك ئەوان بن و بە ھیچ شێوەیەك كۆمەڵگای مەدەنی ئازاد نییە لەو ناوچانەدا" .
(بەدرەددین) گوتیشی: "پەیەدە خەڵك دەگرێت و ئەشكەنجەی دەدات و دەربەدەریان دەكات، بۆیە دۆخەكە زۆر خراپە و لە ئێستادا بە ھۆی ئەو سیاسەتەوە زیاتر لە ٦٠%ـی خەڵكی رۆژئاوا ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوونە، كە ئەمانە لە ترسی رژێم نەبووە، بەڵكوو لە ترس و ھەڕەشەی پەیەدە رایان كردووە".
(سەڵاح بەدرەددین) دهشڵێت، ھەر كەسێكیش رابكات دەست بەسەر ماڵەكەیدا دەگرن و بە ناپاك و وڵاتفرۆش وەسفی دەكەن و تۆمەتێكی بۆ دروست دەكەن، بۆیە ئەمە كارەساتێكی گەورەیە و خەڵك خۆزگە بە رژێم دەخوازێت نەك پەیەدە، ھەرچەندە ئەوان دەستیان لەگەڵ رژێمیش ھەیە.
ئەو چاودێرهی كاروباری رۆژئاوای كوردستان زیاتر گوتی: "لە ئێستادا پەیەدە دەستی بەسەر رۆژئاوای كوردستاندا گرتووە و رێگە بە حیزبەكانی ناو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا نادات ھیچ چالاكییەكیان ھەبێت و تاوەكو ئێستایش زیاتر لە ٥٠سەركردەی ئەو ئەنجوومەنەی دەستگیر كردووە و لەزیندانەكانی ئەواندان، رۆژانەیش بەزۆر گەنجەكان بۆ خزمەتی سەربازی دەڕفێنن و تاوەكو ئێستایش وەكو چاودێران باسی دەكەن، پەیەدە نەیتوانیوە ھیچ خزمەتێك بە رۆژئاوای كوردستان بكات و تەنانەت یەك دەستكەوتیشی نەبووە، سەرباری ئەمەیش بەردەوام سوكایەتی بە پیرۆزییەكان دەكات وەكو پێشمەرگە و ئاڵای كوردستان و دژایەتیكردنی پڕۆژە نەتەوەییەكان و دەوڵەتی كوردی".
بڵند ئیبراھیم




